کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندەران بانگ کرد

18:03 - 4 رەزبەر 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاندووە: سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندەران کە بەهۆی کوشتنی "ژینا ئەمینی" سەریان هەڵدا، باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە بێرلین بانگ کردووە.
 
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەر، وتەبێژی وەزارەتی ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ دانانی گەمارۆی زیاتر دژی تاران و سەرکوتی خۆپیشاندەران وتوویەتی کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکیەتیی ئورووپا بەدواداچوون بۆ بژاردەی دیکە دژی ئەو ڕێژیمە دەکەین.

هەروەها "ئولاف شولتس"، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەر، یەک حەوتوو دوای کوشتنی "ژینا ئەمینی" لە گرتنگەی پۆلیسی "ئەمنییەتی ئەخلاقی" ناسراو بە ''گەشتی ئیرشاد'' ئەو جینایەتەی بە کارەسات و مەترسیدار وەسف کرد.

پێشتریش، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان هێرشی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانی دژی خۆپیشاندەران مەحکووم کردبوو و پشتیوانیی خۆی بۆ خەباتی ژنانی ناڕازی دەربڕیبوو.

لەو پەیوەندییەدا شۆرای ئورووپا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بەخێرایی سەرکوت و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران ڕابگرێت و ئینتێرنێت بۆ خەڵک ئازاد بکات.