کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕوفێڵی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە سەردەشت بەمەبەستی دەستبەسەرکرانی خەڵکی ناڕازی

18:09 - 4 رەزبەر 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەزبەر، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کاناڵەکانی ڕێژیم لە شاری "سەردەشت" بە ناوی "ف ـ ش" بە لاپەڕەیەکی جیاواز بەمەبەستی دەسبەسەریی و ناساندنی خەڵک بە ئیدارەی ئیتلاعات بانگەوازێکی لەنێو خەڵکی ئەو شارەدا بڵاو کردووەتەوە و داوای لە خەڵک کردووە کە بۆ کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆ لە یەکێک لە شەقامەکانی نێوشار بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کۆ ببنەوە.

زانیارییەکان دەڵێن کاتێک خەڵکەکە لەسەر بانگەوازی ئەو مۆرەیەی ڕێژیم ڕوو لە شوێنی دیاریکراو دەکەن، خۆی لەوەێ ئامادە نییە و هێزێکی زۆری ڕێژیم لەو شوێنە جێگیر کراون.

بەپێی زانیارییەکان "ف ـ ش" لە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری سەردەشتدا بە فڕوفێڵ چووەتە نێو خۆپیشاندەران و بۆ دەسبەسەرکردنی لاوەکان پێش هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم کەوتووە و ماڵ بە ماڵ لەگەڵیان گەڕاوە.

دوای ئاشکرابوونی ئەو پیلانەی ڕێژیم، داوا کراوە خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکاندا بە وشیارییەوە بجووڵینەوە و نەکەونە پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران.