کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن

14:34 - 5 رەزبەر 2722

بەبۆنەوەی مانگرتنی سەرانسەری لە کوردستان و بۆ یادی ژینا ئەمینی

سەلاح ئیبراهیمی

مانگرتن بە واتای ڕاگرتنی کاتی کار و چالاکی بە شێوەیەکی هێمنانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گەیشتن بە ئامانج و داواکارییەکانی کۆمەڵێک لە خەڵک، لە سەدەی هەژدەی زانینیدا بە هۆی رێکخراوەکانی چینی کرێکار و شۆڕشی پیشەسازییەوە دەستی پێ کردووە و تاکوو نیوەی دووهەمی سەدەی نوزدەهەم بە توندوتیژی سەرکوت کراوه. لە کۆتایییەکانی سەدەی نوزدەهەم بەدوای خەباتی بێوەچانی چینی کرێکار بەرە بە بەرە ئەو شێوە خەباتە لە ئورووپا بەفەرمی ناسرا و ڕێگەی پێ دراوە.

یەکێک لە بەناوبانگترین مانگرتنەکانی سەدەی بیستم، مانگرتنی کرێکارانی کەرتی پاپۆڕسازیی "گدانسک" لە وڵاتی بولغارستان بوو کە سەد هەزار کرێکار مانیان گرت، "لوخ والەسا" کە خۆی کاتێک کرێکار بوو ڕۆڵی ڕێبەریی لەو مانگرتنانەدا هەبوو و بە دوای ئەو مانگرتنەدا "لوخ والەسا" ناوبانگێکی جیهانی دەرکرد. "لوخ والەسا" دواجار خەڵاتی نۆبێلی ئاشتیی وەرگرت و بوو بە سەرۆککۆماری بۆلغارستان.

مانگرتنی فڕۆکەوانان، مامۆستایان، خوێندکاران، ژنان، کرێکارانی کەرتی پیشەسازیی جۆراوجۆر، پوست، تاکسی، شوێنە پێوەندیدارەکانی هاتوچوو،  نەوت و مس و بە دەیان گرووپ و کەرتی دیکە بەشێک لە مێژووی مانگرتنەکانی مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی جیهانن. مانگرتنەکان هەم بە شێوەی جەماوەری و هەم بە شێوەی تاکەکەسی بەڕێوه دەچن.

بابی ساندزی ئیرلەندی، تەمەن ٢٧ ساڵ ساڵی ١٩٨١ی زایینی بە ٦٩ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بە بووە هۆی گیانلەدەستدانی، وێنەیەکی هەرە بەرچاوی مانگرتنی تاکەکەسییانەی نیشان دا.

هەر چەند مانگرتن وەکوو شێوازێکی هێمنانە و مەدەنی لە تەواوەتیی خۆیدا هەمیشە سەرکەوتوو نەبووه و هەموو کات ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوه، بەڵام هەمیشە تەعبیری لە بوونی ناڕەزایەتیی کومەڵیک کردووه و لایەنی بەرانبەری لێ ئاگادار کردووەتەوه.

ئێران

گەورەترین مانگرتن لە وڵاتی ئێران ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەڕێوه چوو کە لە ئاکامدا حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران کۆتایی پێ هات. پێشتریش لە ئێران زۆر جار مانگرتنی گەورە ڕووی داوه، ساڵی ١٣٢٩ و ١٣٣٤ی هەتاوی، مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی ئێران، مانگرتنی شۆفێر پاسەکان لە ساڵەکانی ١٣٤٨ و ١٣٤٩ی هەتاوی و بە دەیان مانگرتنی دیکە کە کەم و زۆر بوونەتە هۆی هەندێک ئاڵوگۆڕ لە ژیانی سەرجەمی خەڵکی ئێراندا. لە کۆی ماوەی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا هەتا ئیستا، ئێران مانگرتنی سەرانسەری بە خۆیەوه نەدیوه. ئەو مانگرتنانەی لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا ڕوویان داوە، هەر هەموویان لایەنی ئابوورییان لەلایەن چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەوە هەبووه کە لە دواییدا بە سەرکەوتوویی یان بەبێ وەڵام و زۆرتر لەژێر زەختی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوه کۆتایییان پێ هاتووه و هیچ کاتیش ئامار و زانیاریەکی تەواو لەو بارەدا لەسەر میدیاییی ئێراندا باس نەکراوه.  

مانگرتنی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

جیاوازیی مانگرتنەکانی کوردستان لەگەڵ هەموو ناوچەکانی تری ئێراندا سیاسیبوونی مانگرتنەکانە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەورەترین مانگرتن بە دوایی لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی شاری مەهاباد لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بەڕێوه چوو کە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی ئەوە کە ڕێژیمی ئێران هەموو کوردستان میلیتاریزە بکات.

ئەو شێوە مانگرتنە دیسان بە دوای  تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانیدا  لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بە شێوەیەکی زۆر گەورەتر دووپات بۆوە و ئەو ڕەوتە دیسان لە خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، پاش تێرۆری دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین  دووپات بۆوە

لە هەموو تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا مانگرتن وەکوو چەکێکی بەهێز بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئیسلامی بەردەوام بووه. کاتێک  قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی  ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی،  لە دەوروبەری شاری کۆیە  مووشەک‌باران کرا،  دەنگی ئەو مانگرتنەی چوار ڕۆژ دوای ڕووداوەکە وەڕێ خرا گەیشتە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەو ساڵانەی دواییشدا بە دەیان کاربەدەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسی ئەو مانگرتنانەی کوردستانیان کردوه کە بە واتای دژایەتیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندایە.

دووشەممە، رێکەوتی ١٩ی خەرمانان ١٣٩٧ی هەتاوی

گەورەترین ڕۆژنامە و دەزگا هەواڵدەرییەکانی هەموو جیهان باسی کۆچی دواییی ژینا ئەمینی دەکەن کە بە دوای گیرانی بەدەستی پۆلیسی بەناو گەشتی ئیرشاد لە شاری تاران لێی درا و لە ئاکامدا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە کۆچی دوایی کرد. تەرمی ژینا هاتەوە شاری سەقز و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەر بەخاك ئەسپێردرا.  لە دوای ئەو کارەساتەدا ڕۆژی شەممە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی کوردستانی ئێران داوایان لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد کە بە دژایەتی لەگەڵ ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مان بگرن. ڕۆژی دووشەممە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جارێکی تر یەکدەنگ و یەکهەڵوێست دووکان و بازاریان داخست و لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا خۆپیشاندان کرا و دەنگی خەڵکی کوردستان بە هەموو ئێران و جیهان گەیشت کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە.

 خەڵکی باقی ناوچەکانی تری ئێران بۆ یەکەم جار زۆرترین هاوسوزی و هاوخەمیی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان و گیان‌لەدەستدانی ژینای کوردستان نیشان دا و هەڵویستیان گرت، واتە بە دەیان ژنی سڤیل و هەتا ئەکتەره ژنەکانی ئێران بە مەبەستی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەو کارەساتە، سەری خۆیان تاشی و وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە.

تاکوو ئێستەش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران مانگرتن بە شێوەیەکی پڕ لە توندوتیژی بەرپرچ دەدرێتەوه و بە دوایدا دەیان کەس دەگیردرێن و ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکرێن.

لە کۆتاییدا

مانگرتن مێژوویەکی پڕ لە دوبەرەكێ، کارەسات، هاوکاری، یەکگرتوویی و لەخۆبوردوویی هەیە کە لە تەواوەتیی دەسکەوتی زیاتری لە خەباتی مافخوازانەدا بۆ نەتەوەکانی ژێردەست دەستەبەر کردوه.