لوقمان ڕادپەی/ وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
لێدانی بێ بەزەییانەی ژینا (مەهسا) ئەمینی بە هۆی نەپۆشینی "حیجابی گونجاو" و کوشتنەکەی لە ئاکامی ئەو لێدانە لە لایەن "گەشتی ئیرشادی" ڕێژیمەوە بۆتە مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانی هەوال لە سەرانسەری دنیا. ئەوەی باسی ناکرێ ئەوەیە کە لە سەرەتای ناردنی هەواڵەکاندا باسی ئەتنیکی ڕاستقینەی ناوبراو نەدەکرا. قوربانییەکە فارس نەبوو. ئەو کورد بوو، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ سەردان چووبوو بۆ تاران. ئەو جلوبەرگێکی شایستەی لەبەر دابوو، تەنانەت بە زۆر پێوەری دنیای مودێڕن، لەناویاندا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کۆنەپارێزانە بوو.
ژینا ئەمینی بە شێوازی خۆی وەک ئەو جەنگاوەرە ژنانەی کۆنەپەرستانی داعشیان لە بەرەی جەنگی سووریە بەچۆکدا هێنا، بوێر بوو. ئەوەی لەوی قەوما "ئایین" نییە؛ بەڵکو لادەریی سێکسییە. ئەگەر کارێکی ئەوتۆ تەحەمول بکرێ و بە شێوەی سیستەماتیک بەرێوە بچێ، ئەوە ناوێکە کە بە باشترین شێوە تایبەتمەندیی ڕێژیمی تاران پێناسە دەکات. مەرگی ناوبراو دەتوانێ پاڵنەری ئاڵوگۆڕی قووڵ بۆ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها شارۆمەندانی ئێران بە گشتیی بێت.
ژنانی کورد لە ناوچەی خۆیان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە شێوەی جلوبەرگ پۆشینێکیان ڕەد کردەوە کە لە گۆترە لەلایەن ڕێبەرانی فارسەوە، کە لە سەردەمێک و شوێنێکی دیکەدا دەژین و کولتوورێکی جیاوازیان هەیە، سەپێنرابوو. لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە ١٩٧٩، ڕێژیمی ئێران پلانی ئەوەبوو کە کوردان بەدناو بکات. ئەوان بەوە تۆمەتبار دەکران کە خەریکی دامەزراندنی "ئیسڕائیلی دووهەم" لە ناوچەن. لە کۆتاییدا، لە دێسەمبەری ١٩٧٩، دەوڵەت لەگەڵ کوردان ڕێککەوت کە بە گوێرەی ئەو دانی بە خودموختاری بۆ کوردان دادێنرا، بەڵام ئەوە بە کردەوە لە لایەن حکوومەتی ئایینیی شیعەوە پێشی پێگیرا.
زۆرینەی کوردەکان، گەلێکی جیاوازی نافارس، مسوڵمانی سوننین بە ڕوانگەیەکی مودێرنەوەن. بەهۆی ئاماژە نەکردن بە مافەکانی کوردان لە یاسای بنەڕەتیی نوێدا، نزیکەی ٨٥ تا ٩٠ لە سەدی کوردەکان گشتپرسی مانگی مارچی ١٩٧٩ یان بایکۆت کرد. لە یەکەم هەڵبژاردنی پارلمانی لە دوای شۆڕش، زۆربەی کوردەکان پشتیوانییان لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران (حدکا) کرد، بەڵام ڕێبەرەکەی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو، وەک کەسی نەخوازراو دیاریکرا و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران وەک "حیزبی شەیتان" دەستنیشان کرا. ئاکامی هەڵبژاردنی ناوچە کوردنشینەکان بە پووچەڵ ناسێنرا. دوژمنایەتییەکان دەستیان پێ کردەوە و، ئایەتوڵڵا خومەینی حوکمی جیهادی دژی کوردان ڕاگەیاند، کە بووە هۆی قەڵاچۆکردنی پشتگریکراو لە لایەن دەوڵەت و ئیعدامی نایاسایی کوردان. ئەو 'خودموختارییەی" کوردەکان دەنگیان پێدابوو، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەک جیاییخوازیی سەیر دەکرا.
دەیەیەک دواتر، لە جولای ١٩٨٩، لە ڤییەن و لە کاتێکدا قاسملو، یاریدەدەرێکی و ناوبژیوانێک چاوەڕوانی وەڤدێکی ئێرانییان دەکرد، لە لایەن نێردەکانی ڕێژیمەوە کوژران. سەدیق کەمانگەر، ئەندامێکی پلەبەرزی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران (کۆمەڵە) و جێگرەوەی قاسملو، دوکتور سادق شەرەفکەندی، لەگەڵ چەند هاوڕێی، بە نێوانی مانگێک و لە سێپتەمبەری ١٩٩٢، لە بەرلین بەرەوڕووی هەمان چارەنووس بوونەوە (کە بە تێرۆری میکۆنۆس ناسراوە). لە ئاپریلی ١٩٩٧، دادگای پێداچوونەوەی بەرلین حوکمی دا کە "ڕێبەرایەتی سیاسیی ئێران، بڕیاری ئەو تاوانەیان دابوو."
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی حیزبە کوردییەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان (لە عێراق) بە هەمان شێوە لە لایەن بریکارەکانی ڕێژیمەوە تێرۆر کراون. ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بە کەڵکی لەڕادەبەدەر لە هێز و کوشتنی سیستەماتیک و نایاسایی دژی کوردان لە ئێران دەکەن. بێجگە لەوە، پێشێلکاریی مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردان بە گشتی لە نزیکەی سەرجەم ڕاپۆرتەکان لەمەڕ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەیان پێکراوە. دەرکردنی حوکمی سێدارە و ئیعدامی ڕێژەیەکی بێ ئەندازەی زیندانییە سیاسییەکانی کورد ئەوە دەسەلمێنێ. بە گوێرەی کۆمەڵەکانی ماڤەکانی مرۆڤ، تا ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانەدا ١٧ کورد کوژراون و زیاتر لە ٨٠٠ کەس تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون. جا باسی دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵەکانیش کە هەر ئێستا لەئارا دان ناکەین.
لە ١٩٩٠ بەولاوە، کوردەکان وازیان لە خەباتی چەکداریی هێناوە تا لە جیاتان وزەی خۆیان بۆ گۆڕانی خشکەیی رۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان بکەن، ئەگەرچی چاروبار جووڵەیەکی سەربازییان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، لە زۆربەی ئەو ماوەیەدا بێدەنگ بوون.
کوژرانی ژینا ئەمینی بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەربڵاو، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیان پێکرد. لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی دژی ڕێژیمی ئێران، `بۆ یەکەم جار بەلوچ، عەڕەب، فارس، ئازەری و کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان بۆ پشتگیریی کوردان یەکیان گرتووە. ئەوان هاوار دەکەن "ژن، ژیان، ئازادی". ئەو دروشمە لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریە لە ٢٠١١، لە لایەن ژنە جەنگاوەرە کوردەکانەوە (یەکینەکانی پاراستنی ژنان) برەوی پێدراوە و لە ڕۆژاوا (ڕۆژاوای کوردستان لە سووریە) بە کردەیی کراوە. ئەوە بەو مانایەیە کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لە پرسی حیجاب، کە قەت پرسی کوردان نەبووە، ئەگەرچی وەک پرسێکی سەرەکی بۆ ڕێژیم ماوەتەوە، تێپەڕ بوون.
ئەوەی لە ژینا قەوما وێدەچێ خەڵکی ئێرانی یەک خستبێ، تا ئەو ڕادەیە کە بۆتە خاڵی یەکگرتن لە نێوان داوای مافی چارەی خۆ نووسینی کوردان و خولیای ئێرانییان بۆ لەکۆڵ خۆ کردنەوەی ڕێژیم.
جێگای ئاماژەیە کە چین و توێژەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندانەکان نیشان داوە. کوردەکانی ڕۆژهەڵات توانای گۆڕینی دۆخی هەنووکەیان هەیە چونکە ئەوان پێشتر لە ساڵی ١٩٤٦ دەوڵەتێکی کوردیی کەم تەمەن بە ناوی کۆماری کوردستانیان دامەزراند. لە سێ دەیەی ڕابردوودا، کوردانی باشوور (لە عێراق) و ڕۆژاوا لە سووریە توانیویانە سەقامگیریی، ئاسایش و گەشەی ئابووری لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دەستەبەر بکەن، بە پێچەوانەی پشێویی و توندوتیژیی کە تایبەتمەندیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پانەوە بووە. لە ڕوانگەی دەوڵەتدارییەوە، ناوچە کوردییەکان زۆر باشتر لە درواسێکانیان کار دەکەن. ئەوە بە دانی نرخێکی بەرز لە لایەن کوردانەوە بۆ مافە ڕەواکانیان دەستەبەر کراوە.
بێتوو ناڕەزایەتییە هەنووکەییەکان درێژەیان هەبێ، دەوڵەتی ئێران ڕەنگبێ کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکیس بدات، ئەوە، بە نۆرەی خۆی، دەتوانێ ڕێگا بۆ جێبەجێ کردنی مافی چارەی خۆ نووسینی کوردی خۆش بکات. کات ئاشکرای دەکات کام شێوە لە مافی چارەی خۆ نووسین جێبەجێ دەبێ. ڕەنگبێ لە شێوازی خۆبەڕێوەبەریی، فێدراڵیزم یان سەربەخۆیی بێ. کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوێرەی ڕێککەوتنی ١٩١٩ی ئینگلیز-پارس، دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم، بەربژێری مافی چارەی خۆنووسین نەبوون.
ناڕەزایەتییەکان لەسەر کوشتنی ژینا ( کە بە کوردی بە مانای "ژیان و ڕووح وەبەرهێنان" و "تاهەتایی"یە) ئێستا پوتانسیەلی ئەوەی هەیە ڕێژیم بگۆڕێ، هەروەها ببێتە هۆی ئازادیی بۆ کوردستان. ئەوە دەستپێکی کۆتایی ناسەقامگیریی ناوچەییی، تێرۆریزمی دەوڵەتی و ڕەشبگیریی ناوکی دەبێ. ڕەنگبێ جیهان شاهیدی هاتنە دەری خۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە بێ، وەک چۆن هەمیشە لە ڕۆژەەڵاتەوە بووە.