کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا "گەشتی ئیرشاد"ی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانیەوە

09:43 - 5 رەزبەر 2722

وڵاتی کانادا بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران و کوردستان لەهەمبەر توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنی بەئەنقەستی "ژینا ئەمینی" لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە گەمارۆی خستە سەر چەندین کەس و ڕێکخراوی ئەو ڕێژیمە.

''جاستین ترۆدۆ''، سەرۆکوەزیرانی کانادا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، پاش کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی چەند هەزار کەسیی کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتووی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بەدژی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی کانادا پشتیوانی لە هەموو ژنانی ئێران دەکات و گەمارۆ دەخاتە سەر دەیان کەس و ڕێکخراوی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەتایبەتیی گەشتی ئیرشادی ئەو ڕێژیمە.

ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە پێشێلکردنی بەربڵاو و بەردەوامی مافی مرۆڤ لە ئێران وتی: ''کانادا هەموو هەوڵێک دەدات دژ بە ڕێژیمی ئێران و ئەو وڵاتە ناچار بە وڵامدانەوە دەکا و پشتیوانی لە بنەماڵەی قوربانییەکان و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران دەکات''.

سەرۆکوەزیرانی کانادا لە کۆتایی قسەکانیدا، بە ئاماژە بە کوشتنی "ژینا ئەمینی" بە دەستی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران بە بیانووی حیجابەوە و دەسپێکردنی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریی لە ئێران و کوردستان بەدژی ئەو ڕێژیمە وتی: ''خەڵکی وڵاتی کانادا و بە میلیۆنان کەس لە وڵاتانی دیکە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەن''.