کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان: لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە ١٤ ڕۆژنامەنووس لە ئێران دەسبەسەر کراون

11:21 - 5 رەزبەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان سەبارەت بە کوژرانی "ژینا ئەمینی" لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێرانەوە، هەتا ئێستا ١٤ ڕۆژنامەنووس لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون.

''یەلدا موعەیری، نیلووفەر حامدی، فاتمە ڕەجەبی، ئیلاهە محەممەدی، موجتەبا ڕەحیمی، عەلیڕەزا خۆشبەخت، مەسعوود کوردپوور، خوسرەو کوردپوور، ڕوحوڵڵا نەخعی، مەرزییە تەلایی، عەلی خەتیب‌زادە، ئیمان بەهپەسەند، ویدا ڕەبانی و ئەحمەدی حەلەبی ساز'' لەو ڕۆژنامەنووسانە بوون کە لەو ماوەیەدا دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٩ کەس لەو ڕۆژنامەنووس و وێنەگرانە لە تاران، دوو کەس لە شاری بۆکان، دوو کەس لە سەقز و ڕۆژنامەنووسێک لە قەزوین دەسبەسەر کراون.

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم کردبوو تا کۆتایی بە دەسبەسەریی چالاکانی بواری ڕاگەیاندن بێنن و ئیمکانی کەڵکوەرگرتن لە ئینتێرنێت بۆ خەڵک دابین بکەن.

"ئانتۆنی بلانگر" سەرۆکی ئەو فێدراسیۆنە داوای لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم کردبوو کە لە ناڕەزایەتییەکان وەکوو پاساو بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵک وەرنەگرن و کەڵکوەرگرتن لە ئینتێرنێت و ڕاگەیاندنی بە مافی ڕەوای هەموو کەس زانیبوو.

"نیلووفەر حامدی" ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە هەواڵی سەبارەت بە "ژینا ئەمینی" و بنەماڵەی ناوبراو بڵاو دەکردەوە، ڕۆژی ٣١ی خەرمانان دەسبەسەر کرا. ناوبراو لە دوایین پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لەوە کردووە کە هیچ ئاگادارییەکی لە دۆسییەی خۆی نییە و تەنیا پێی وتراوە کە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی دەکرێت.

بە دوای کوژرانی "ژینا ئەمینی" لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمەوە، خەڵک لە سەرتاسەری ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران کە لەو ماوەیەدا ڕووماڵی هەواڵی ناڕەزایەتییەکانیان دەکرد، زۆربەیان لەلایەن ڕێژیمەوە بەتۆمەتی تێکدانی دۆخی کۆمەڵگا دەسبەسەر کراون.