کۆمەڵێک لە سینەماکارانی ئێرانی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر کوژرانی "ژینا ئەمینی" لە نامەیەکدا داوایان لە سینەماکارانی تەواوی جیهان کرد کە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران بکەن.
لەو نامەیەدا داوا کراوە کە سینەماکاران لە سەرتاسەری جیهان بە پشتیوانی خۆیان لە ناڕەزایەتییەکان، پەیامێکی ڕوونیان بەرامبەر توندوتیژی و سەرکوت لە تەواوی جیهان هەبێت و ببنە هاواری ئەو کەسانەی کە گیانی خۆیان لە ڕێگای ئازادی و مرۆڤایەتیدا بەخشیوە.
ئەوان پشتیوانی کۆمەڵی سینەماکارانیان وەکوو جێگای هیوا وەسف کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بڵاوکردنەوەی هەواڵی توندوتیژییەکان و لەقاودانی، دەتوانێ ڕێگری لە توندوتیژی و خوێنڕێژی زیاتر بکات.
کەسانی وەکوو ''بەهرام بەیزایی، موژدە شەمسایی، شیرین نشات، هایدە سەفی یاری، زەر ئەمیرئیبراهیمی، پگاهـ ئاهەنگەرانی، بەهمەن قوبادی، عەبدولڕەزا کاهانی، عەلی عەباسی، کاوە فەرنام، فەرزاد پاکزاد و عەلی ئەحمەدزادە'' لە واژۆکەرانی ئەو نامەیەن.
کوژرانی "ژینا ئەمینی" لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمەوە، کاردانەوەی نێوخۆیی و جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتییە ناسراوە ئێرانی و بیانییەکان ، ئەو ڕووداوە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانیان مەحکووم کرد.