کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ١٨ بەندکراو لە ئێران

11:20 - 14 خەرمانان 2722

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووەتەوە لانیکەم ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان گوازراونەتەوە بۆ بەندە تاکەکەسییەکان.

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجیکردنی سزای سێدارەی ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کەرەج، میناب و گەوهەردەشت، نیگەرانییەکانی ئەو ناوەندەی لە پێشێلکردنی مافە مرۆییەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و دەزگای قەزایی ئەو ڕێژیمەوە دەربڕی.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٣ بەندکراو لە بەندیخانەی کەرەج، ٧ بەندکراو لە بەندیخانەی میناب و ٨ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت، بۆ جێبەجیکردنی سزای لە سێدارەدانەکانیان گوازراونەتەوە بۆ بەندە تاکە کەسییەکان.

ئەو ناوەندە مافی مرۆییە هەروەها ڕایگەیاندووە، بەندیخانەی ناوەندی کەرەج ١٠ بەندی هەیە کە لانیکەم لە هەر بەندێکدا ١٠٠ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، بە واتایەکی دیکە هەزار کەس لەو بەندیخانەیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەکانیانن.

هەروەها ئەو ناوەندە مافی مرۆییە داوای لە هەموو ڕێکخراو و ناوەندە مافی مرۆییە نێوخۆیی و جیهانییەکان دەکات کە لە ئاست ئەو جینایەتە مرۆییانەی ڕێژیمی ئێران لە بەندیخانەکاندا بێ دەنگ نەبن.