کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەرگەوەڕ کۆچی دوایی کرد

12:29 - 5 رەزبەر 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ۱٤۰۱ی هەتاوی، "عەبدولڕەحمان ڕەحمانی نژاد"، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ناوچەی "مەرگەوەڕ"ی سەر بە شاری ورمێ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"عەبدولڕەحمان ڕەحمانی نژاد"، ناسراو بە "عوزێر"، ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی، لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد و تێکەڵ بە هێزی پێشمەرگە بوو و تا کۆتاییەکانی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبەدا درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا.

پاشان لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کاتیی حیزب لە ناوچەی "مەرگەوەڕ"، دەگەڕێتەوە نێوخۆی کوردستان و بەشێوەی نهێنی درێژە بە چالاکییەکانی خۆی دەدات.

کاک "عوزێر"، دوای ئەوەی کە دەگەڕێتەوە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەردەوام میواندارییەتی تیم و هێز و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کردووە، چ ئەو کاتەی کە نیشتەجێی "دزەی مەرگەوەڕ" و چ ئەو کاتەی نیشتەجێی گوندی "نێرگی" لە دەڤەری "مەرگەوەڕ" بووە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای گەرمی خەڵکی ناوچەکە و لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی کۆچکردوو و هەموو خەڵکی ناوچەی "مەرگەوەڕ" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.