کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"دوالیپا" هونەرمەندی بریتانیایی لە پەیامێکدا پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران کرد

17:37 - 5 رەزبەر 2722

"دوالیپا" هونەرمەندی ناسراوی بریتانیایی لە پەیامێکدا وتوویەتی کە هەواڵێکی زۆرمان لەسەر مەرگی تراژیکی "ژینا ئەمینی" پێ گەیشتووە و ژینا لە کاتی مەرگیدا لەلایەن پۆلیسەوە بەڕواڵەت بەهۆی لەژێرپێنانی یاسای حیجاب دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: ''ئێمە وێنەی ژنانێک دەبینین کە لە شەقامەکاندا بە بڕینی پرچی خۆیان و سووتاندنی لەچکەکانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، یەکێک لە بەهێزترین و ئیلهامبەخشترین شتەکان بووە کە لە ماوەی ساڵانێکی زۆردا چاوم پێی کەوتووە و یەکێک لە هاندەرە گەورەکانم مافی ژنە کە ئێمە هەوڵ دەدەین لە پادکەستدا دەری بخەین و بینینی بوێری ئەو ژن و پیاوانەی کە پشتیوانییان لێ دەکەن و بە ڕیسکێکی زۆر گەورەوە دەنگ هەڵدێنن، سەرسامکەرە''. 

ئەو هونەرمەندە لە کۆتایی پەیامەکەدا دەڵێ: ''دەزانم هەنووکە دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لە ئێراندا ئەستەمە بەڵام ڕوو لە هەموو خەڵکی ئێران دەکەین و دەڵێین ئێمە دەتانبینین، ئێمە دەتانبیسین و لە هاوپەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا دەمێنینەوە، بەرخودانی ئێوە وەبیرمان دێنێتەوە کە پێویستە ئازادی هەمیشە خەباتی بۆ بکرێت و ڕوونە کە قەت نابێ پێشێل بکرێت''.