کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی گەلانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەردەوامە

10:23 - 6 رەزبەر 2722

بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بەگشتی کە بەهۆی کوشتنی "ژینا ئەمینی" لە تاران بەدەستی پۆلیسی "ئەمنییەتی ئەخلاقی" ناسراو بە گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران کوژرا، ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوەی وڵات درێژەیان هەیە.

ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٢ی سێپتامبری٢٠٢٢ی زایینی، کوردانی دانیشتووی "ڕۆجێستێر"ی سەر بە ویلایەتی نیۆیۆرک وێڕای نەتەوەکانی دیکەی ئێران و دۆستانی گەلانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران خۆپیشاندانێکیان وەڕێ خست و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا کۆمەڵێک دروشمی جۆراوجۆریان بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی "ژینا ئەمینی" و سەرکوتی خەڵک و زوڵم و زۆر و کوشتنی خەڵکی ناڕازی بەرز کردەوە و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ کرد کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بکەن و کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن.

دوای کوشتنی "ژینا ئەمینی" خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری تاران، خەڵکی کوردستان لەسەر بانگەوازی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مانگرتنێکی گشتییان وەڕێ خست و دواتر بە هاتنە سەر شەقامەکان، ئەو کردەوە جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیان مەحکووم کرد.

ئەم خۆپیشاندانانە زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئێرانییەکان بەگشتی و کوردانی دیاسپۆرا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان خۆپێشاندانیان وەڕێ خستووە و داوای پشتیوانی لە خۆپێشاندەرانی کوردستان و ئێران و ویست و داوا ڕەواکانیان دەکەن.