دەقی ئەو ڕاگەیندراو کە بە ناوی بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی بڵاو بۆتەوە:
بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێ كەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارە بوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەكەین.
هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عێراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان.
داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات. سەروەری وڵات بپارێزێت و ڕێگری لە پێشێلكاری و چەندبارە بوونەوەی هێرشەكان بكات.
پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن.
لە كۆتاییشدا دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیر ناچێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢