کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ژمارە ٤

21:27 - 6 رەزبەر 2722

خەڵکی مافخوازی کوردستان!

هێز و لایەنە سیاسییەکان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکانی پێشووی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبدا هاتبوو، لە ئاکامی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمەڵێک کەس شەهید و بریندار بوون کە بەداخەوە ئاماری شەهیدبوونەکان زیادیان کردوە.

بە ئاگاداریی بیروڕای گشتیی ڕادەگەیەنین کە تا ئێستا شەش کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات شەهید بوون کە ناوەکانیان بریتین لە:

عومەر مەحموودزادە (ناسراو بە چیچۆ)، ڕێحانە (شیما) کەنعانی، محەممەد خەلیلی، میلاد پیرساحب، هاجەر زەرگە و شێرکۆ بەرتەنی.

هەروەها خاتوو شیما کەنعانی کە دووگیان بوو، دوای شەهیدبوونی لە نەخۆشخانە منداڵەکەی بە نەشتەرگەری لەلایەن پزیشکەکانەوە لەدایک بوو.

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکەی ئەمڕۆیدا خوێندنگەی منداڵانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتیشی کردە ئامانج، کە بێتوو تەنیا چەند خولەک ئەو منداڵانە لەو شوێنە ڕانەگوێزرابان، کارەسات و جینایەتێکی سامناکی دیکەی لێ دەکەوتەوە.

هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکانی پێشوودا باس کرابوو، کاتژمێر ١٠:٣٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٦ی ڕەزبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک و دڕۆنی خۆتەقێن هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە و بارەگای حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەداخەوە ئەو هێرشانە تا ئێستا ١٢ شەهید و دەیان برینداری لێ کەوتۆتەوە.

زانیاریی زیاتر لە ڕاگەیەندراوەکانی دیکەدا بە بیروڕای گشتی ڕادەگەیەندرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری