بۆ جارێکی دیکە دەستی ڕەشی تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە نەتەوەی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی جینایەتی خوڵقاند. کاربەدەستانی ترسەنۆکی ڕێژیم کە ماوەی نزیک بە ١٠ ڕۆژە لە ئیرادە و توڕەیی خەڵکی خەباتکاری ئێران و کوردستان لە سەر شەقامەکان تۆقیون، ویستیان بە خەیاڵی نەزۆکی خۆیان تۆڵە لە خەباتکارانی گەل بکەنەوە. سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران لە پیلانێکی تێرۆریستیدا ئەمڕۆ بە هێرشی مووشەکی و درۆنی خۆتەقێن، پەلاماری بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیدا و بە شەهیدکردن و بریندارکردنی دەیان کەس لە خەباتکارانی نەتەوەکەمان، لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی بە کردەوە جەنایەتکارانەکانی خۆی زیاد کرد.
لەم هێرشە مووشەکیانەدا کە تەنانەت قوتابخانەی منداڵان و کەمپی کوردانی پەنابەری ڕۆژهەڵاتیش کرایە ئامانج، بۆ جارێکی دیکە ماهییەتی ڕەش و دژە ئینسانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتە ڕوو.
ئەمە تایبەتمەندیی ڕێژیمێکە کە هەر ئەم ڕۆژانە خەڵکی ئێران و کوردستان بە تێکڕاو یەک دەنگ، بۆ نەمانی، لاپەڕەیەکی زێڕینیان لە خەبات و مافخوازی تۆمار کرد. خەڵکی کوردستان لەو ماوەیەدا بە بەدەستەوە گرتنی شەقامەکان و دەنگی بەرزیان لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی بەهێزدا خوازیاری نەمان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون. کاربەدەستانی ڕێژیم کە زانیان بەرانبەر بە ئیرادەی گشتیی خەڵکی ئێران و کوردستاندا داماو و دەستەوەستانن، مەبەستی بەلارێدا بردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و پرسیار درووستکردن لە سەر ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە بە تایبەت لە کوردستان، وەک پیشەی هەمیشەییان بڕیاری پەلاماردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنەکانی دیکەیاندا.
ڕێژیم بەم کردەوە تێرۆریستییەی کە چەند ڕۆژ بوو زەمینەی بۆ دەڕەخساند و پڕوپاگەندەی ژەهراوی دژ بە بزووتنەوەی کوردستان بڵاو دەکردەوە، دەیهەوێ وا نیشان بدات کە بزووتنەوە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستان دەستی دەرەکی لە پشت بووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم کردەوە تێرۆریستییە نەتەنیا ناتوانێ ڕق و قینی پەنگخواردووی خەڵکی کوردستان کپ بکات، بەڵکوو خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەمیشە لەم نیزامە و کردەوەکانی توڕەتر دەکات. خەڵکی هوشیاری کوردستان وەک لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا و بەدوای مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرماناندا بە مانگرتنی گشتی بێزاریی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی، ئەمجارەشیان بە خاوەندارێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوە ڕەواکەیان، ئامانجە نەزۆکەکانی کاربەدەستانی تاران پووچەڵ دەکەنەوە.
سڵاو لە بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵکی ئێران و کوردستان دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران.
سەرکەوێ بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەمان