کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە کاردانەوەکان بە پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات

23:47 - 6 رەزبەر 2722

هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و کۆمەڵگەی جیهانیی لێ کەوتەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندوە سه‌ركۆنه‌ى بۆمبارانكردنى هێزه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران بۆ گرتنە ئامانجی شوێنی ژیانی دانیشتووانی سڤیل له‌ هه‌رێمى كوردستان دەکەین. هەروەها داوا له‌ حکومه‌تى فيدراڵيى عێراق ده‌كه‌ين ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و خاك و سه‌روه‌ريى وڵات بپارێزێت.

بارەگای بارزانی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە "تاوانکاری" ناو بردوە و ڕایگەیاندوە داوا دەكەین دەستبەجێ ئەو پەلامار و بۆردومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیدیکە نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلایی‌كردنەوەی گرفت و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەلاماری مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مەحکووم کرد. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیەتیی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی کردۆتە ئامانج و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەكەین.

بافڵ تاڵەبانی دەڵێ  هەموو لایەك دڵنیا دەکەینەوە تێكدانی سەقامگیریی خاكەكەمان هەرگیز لەیاد ناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیر ناچێتەوە.

فڕاکسیۆنی گۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مەحکووم کرد. فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ داوا لە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ئەم تاوان و جینایەتە مەحکووم بکەن و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرن.

حزبی شیوعی کوردستان هێرشی مووشەکی بۆ سەر  حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مەحکوم کرد. لە ڕاگەیەندراوی حیزبی شیوعیی کوردستاندا هاتوە کە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە لەبەرانبەر ئەو هێرشە ناڕەوا و دژە ئینسانیانەدا بێتە دەنگ.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی تونددا، هێرشەکانی ئێرانی بۆ بنکەی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی مەحکووم کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریک ڕایگەیاندوە کە ئەو پێشێلکارییە بێ‌پاساوەی کۆماری ئیسلامی سووکایەتی بە سەروەریی خاکی عێراقە.

نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقیش ڕایگەیاندوە کە پێویستە دەستبەجێ ئەو هێرشانە بوەستێندرێن. لە ڕاگەیەندراوی یونامیدا هاتوە کە دیپلۆماسیەتیی مووشەک‌باران، دەرئەنجامێکی وێرانکەری دەبێت. عێراق و هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ بێت، ئەو تێڕوانینە رەت دەکەنەوە کە وەکوو حەوشەی پشتەوەی ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و تێیدا دراوسێکان بەشێوەیەکی ڕۆتینی و هەڕەمەکی سەروەرییەکەی پێشێل بکەن.

شوڕای میللیی موقاومەتی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا هێرشی مووشەکی و جینایەتی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کردوە.