هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و کۆمەڵگەی جیهانیی لێ کەوتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندوە سهركۆنهى بۆمبارانكردنى هێزهكانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران بۆ گرتنە ئامانجی شوێنی ژیانی دانیشتووانی سڤیل له ههرێمى كوردستان دەکەین. هەروەها داوا له حکومهتى فيدراڵيى عێراق دهكهين ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و خاك و سهروهريى وڵات بپارێزێت.
***
بارەگای بارزانییش هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە "تاوانکاری" ناو بردوە و ڕایگەیاندوە داوا دەكەین دەستبەجێ ئەو پەلامار و بۆردومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیدیکە نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.
***
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەلاماری مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مەحکووم کرد. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیەتیی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی کردۆتە ئامانج و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەكەین.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێ هەموو لایەك دڵنیا دەکەینەوە تێكدانی سەقامگیریی خاكەكەمان هەرگیز لەیاد ناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیر ناچێتەوە.
***
فڕاکسیۆنی گۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مەحکووم کرد. فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ داوا لە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ئەم تاوان و جینایەتە مەحکووم بکەن و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرن.
***
حزبی شیوعیی کوردستان هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مەحکوم کرد. لە ڕاگەیەندراوی حیزبی شیوعیی کوردستاندا هاتوە کە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە لەبەرانبەر ئەو هێرشە ناڕەوا و دژە ئینسانیانەدا بێتە دەنگ.
***
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی تونددا، هێرشەکانی ئێرانی بۆ بنکەی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی مەحکووم کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریک ڕایگەیاندوە کە ئەو پێشێلکارییە بێپاساوەی کۆماری ئیسلامی سووکایەتی بە سەروەریی خاکی عێراقە.
***
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقیش ڕایگەیاندوە کە پێویستە دەستبەجێ ئەو هێرشانە بوەستێندرێن. لە ڕاگەیەندراوی یونامیدا هاتوە کە دیپلۆماسیەتیی مووشەکباران، دەرئەنجامێکی وێرانکەری دەبێت. عێراق و هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ بێت، ئەو تێڕوانینە رەت دەکەنەوە کە وەکوو حەوشەی پشتەوەی ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و تێیدا دراوسێکان بەشێوەیەکی ڕۆتینی و هەڕەمەکی سەروەرییەکەی پێشێل بکەن.
***
شوڕای میللیی موقاومەتی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا هێرشی مووشەکی و جینایەتی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کردوە.
***
غەفوور مەخمووری، سکرتێری یەکێتیی دیموکراتی کوردستان هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بە تاوانیکی قیزەون ناو برد. سکرتێری یەکێتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆی بەرانبەر بە هێزی جەماوەری گەلانی ئێران و داماوی و دەستەوەستانییەتی بەرانبەر بە ئیرادەی گەلانی ئێرانی کردوویەتی و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شەرمەزاری مێژوو دەزانین کە ڕۆژێک دەبێت وڵامدەرەوەی ئەم کردەوە و تاوانەکانی تریان دەرحەق بە گەلی کورد و کۆی گەلانی ئێران بن.
***
ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی دەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی ئەو جینایەتەدا دەڵێ: لە کاتێکدا ڕێژیمی جینایەتکار و دژەمرۆڤیی لەبەرامبەر ڕابوونی سەراسەری خەڵکی ئێران داماوە، لە کاتێکدا ژنان و پیاوان بەتێکڕا هاواری "نەمان بۆ دیکتاتۆر" و "نەمان بۆ خامنەیی" هەڵدەبڕن، لە هەوڵێکی ترسەنۆکانە بۆ چەندەمین جار هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران. بەڵام هەروەک لەلایەن ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردییەکانەوە ڕایانگەیاندوە، دەبێ لەبەرامبەر ئەم کردەوە هۆڤییانەوە بە یەکێتی و هاوهەڵوێستی ناڕەزایەتیی خۆمان بۆ گڕ و تین بەخشین بە سەرهەڵدانی ناوخۆ نیشان بدەین.
***
حیزبی مەشرووتەی ئێران(لیبرال دێموکرات) ڕایگەیاندوە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٠ ساڵە ناوچەکەی لە شەڕ و کێشە و ئاژاوە وەرداوە. ئێمە ئەو هێرشە نامرۆڤانەیە بۆ سەر خوشک و برایانی کوردمان مەحکووم دەکەین.
***
کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە هێرشێکی دڕندانەی ئەنجامدا و بۆردوومانی چەند بارەگایەکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامار و هێرشانە دەکەین بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ئەوە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر میللەتەکەمان دەزانین. بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
و حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بێنە دەنگ لە ئاست ئەو پێشێلکاری و هێرش و پەلامارنەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە زووترین کات ڕابگرن.
***
کۆمیتەی ناوەندی پارتی دێموکراتی کوردستان لە خۆراوای کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە بۆ سەر سەروەری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە کە هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر شوێنی نیشتەجێ بوون و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان دەبێ لێپرسینەوەی لێ بکرێ و داوا لە حکومەتی عێراق دەکا لە بواری دیپلۆماسییەوە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندن و دووبارە نەبوونەوەی ئەم هێرشانە وەدەست بێنیت.
***
مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاری دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە بۆ سەر خاکیی هەرێمی کوردستان، ئەم کردەوەیەی بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان زانیوە و داوا دەکا پێش بەم هێرشانە بگیریت.
***
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ لەکاتێکدا بەتووندی ئەو دەستدرێژکارییەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم دەکەین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە بۆ سەر باشووری کوردستان دابنێن و پێشی پێ بگرێ.
***
کۆشکی سپیش بەتوندی ئیدانەی هێرش بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان کرد و دەوڵەتی بریتانیا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشانە داوای لە ئێران کرد ئەو هێرشانە بۆمبارانی سەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕابگریت.
***
دەوڵەتی ئاڵمانیش ڕایگەیاند کرد هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە زۆر نەشیاوە و ئەوە قبوڵ کراو نییە.
***
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندوە کە بەدڵنییایەوە بەغدا باڵیۆزی ئێران بانگ دەکا و نامەی فەرمی ناڕەزایەتی خۆمانی پێ دەدەین لەهەمبەر ئەو هێرشە ناڕەوایەی سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
***
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردوە و دەڵێ: ئێران ناتوانێ بە هێرشکردنە سەر دەرەوەی سنوورەکانی، خۆی لە کێشە و ناڕەزایەتییە رەواکانی نێوخۆی وڵاتەکەی بدزێتەوە. جەیک سولیڤان باس لەوە دەکا: بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە نیشاندانی بێڕێزیێکی زەق، نەک تەنیا بۆ ژیانی خەڵکی خۆیان، بەڵکو بۆ دراوسێکانیان و بنەما سەرەکییەکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک کە لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپێنراون.
***
ستیفان دوژاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیێنێت، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش بە نیگەرانییەوە وێڕای چاودێریی بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە نێویاندا ناوچە سڤیلنشینەکان، داوای "کەمکردنەوەی دەستبەجێی" گرژییەکان دەکات. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات پێویستە ڕێز لە سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق و بنەماکانی دراوسێیەتیی باش بگیردرێ.
***
وەزارەتى دەرەوەى میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا پەلامارەکەی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کرد و ڕاگەیاند: ئەو پەلامارە کە قوربانیى لەنێو هاووڵاتییانى بێتاوان لێ کەوتووەتەوە، دەستدرێژییەکى ناڕەوایە و دژ بە سەروەرى و ئاسایشى عێراقە.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە : "میسر چاودێریى ئەو گرژییانە دەکا کە لە ماوەى چەند ڕۆژى رابردوودا لە ناوچەکەدا ڕووی داوە و هۆشدارىی داوە لە دەرهاویشتەکانى و کاریگەرییەکانی ئەو دەستدرێژییانە لەسەر سەقامگیریى ناوچەکە و پارێزراوى خەڵکەکە.
***
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان بۆردومانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی مەحکوم کرد. لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان کە لە حیزبی شیوعیی کوردستان، بزوتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستا و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتوە، داوا لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە دابنێن، هاوکات دەبێ حکوومەتی عێراق بەفەرمی ئەو دەستدرێژکاریە مەحکووم و سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار بکات.
***
پارێزگاری هەولێر بەتوندی بەزاندن و پێشێلکارى و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستانی مەحکووم کرد. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند کە پێویستە لە زووترین کاتدا ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان کۆتایی پێ بێت.
***
له دانیشتنی ئهمڕۆی پهرلهمانی كوردستاندا، د. هێمن ههورامی، جێگرى سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان كه سهرۆكایهتیی دانیشتنی پهرلهمانی كوردستانی دهكرد، ڕاگهیهندراوی سهرۆكایهتیی پهرلهمانی كوردستانی سهبارهت به بۆردوومانكردنی چهند ناوچهیهكی ههرێمی كوردستان لهلایهن سوپای پاسدارانی كۆمارى ئیسلامیی ئێران خوێندهوه، كه تێیدا بهتوندی ئهم هێرش و پهلاماردانه مەحکووم کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە چارهسهری سهربازی و هێرش و پهلامار نهك كێشهكان چارهسهر و بنەبڕ ناكات، بهڵكو ئاڵۆزی دهكات. پهرلهمانی كوردستان داوا له حكوومهتی فیدڕاڵ و كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی دهكات، ئاستێك بۆ ئهم پهلامار و پێشێلكردنانهی خاك و سهروهریی عێراق و ههرێمی كوردستان دابنێن.
***
سهندیكای رۆژنامهنووسانی كوردستانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە ناڕهزایهتیی خۆیان سەبارەت بە هێرشهكانی سوپای پاسداران بۆ سهر بنكه و بارهگا و شوێنی نیشتهجێبوونی خەڵکی سیڤیل و دهزگهكانی میدیای حیزبهكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران له ههرێمی كوردستان دەردەبڕن.
***
وتەبێژی ڕێکخراوی چریکەکانی فیدایی گەلی ئێران لە پەیامێکدا هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد.
لەو ڕاگەیەندراوەدا بە ئیمزای مێهدی سامیع هاتوە کە هێرش بۆ سەر بنکەکان کە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و خەڵکی سڤیلیان تێدا نیشتەجێیە، دەربڕی ئەوپەڕی داماویی ئەخلاقی و سیاسی و دڕندەیی ڕێبەرانی ڕێژیمە.
***
ئاژانسی منداڵپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر قوتابخانە و ناوچە سڤیلنشینەکانی دیکەی کردوە و دەڵێ هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکەیان مایەی قبووڵکردن نییە.
شیما سێن گوپتا، نوێنەری یونسێف لە عێراق ڕایگەیاندوە کە پێویستە قوتابخانەکان هەمیشە و بۆ هەموو قوتابییەک شوێنی پارێزراو بن بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن تێیاندا بخوێنن، یاری بکەن و گەشە بکەن. یونسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکا کە منداڵان لە هەر شێوەیەکی توندوتیژی، لە هەرکات و بارودۆخێکدا بپارێزن و رێز لە جاڕنامەی پاراستنی قوتابخانەکان بگرن.
***
ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای کردوە هەرچی زووترە جەنگ و خوێنڕێژی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێمی کوردستان و عێراق بوەستێندرێ. یەکگرتووی ئیسلامی بۆردوومانەکانی ئێرانی بە "ناڕەوا" ناوبردووە و داوا دەکات، "هەرچی زووترە جەنگ و خوێنڕێژی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێمی کوردستان و عیراق بوەستێنرێت و ناوچەكە نەكرێتە جێی یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان."
ئەو حیزبەی هەرێمی کوردستان داوا لە دەوڵەتی فیدراڵیی عیراق دەکا سەروەریی وڵات بپارێزێ و كێشە هاوبەشەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گفتوگۆ و دانوستاندن یەكلایی بكاتەوە.
***
دەستە سهربهخۆی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشهكانی دهوڵهتی ئێران بۆ سهر هاووڵاتیانی مهدهنی و بهئامانجگرتنی قوتابخانه و شوێنەکانی نیشتهجێبوونی مەحکوم کردوە و به پێشێلكردنی یاسا نێودهوڵهتییهكانی زانیوە. هەروەها داوای ڕاگرتنی ههرچی زووتری ئهو هێرش و دهستدرێژییانەی کردوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێویستە له نێوخۆی وڵاتهكهی چارهسهری كێشهكانی خۆی بكات. ئهو هێرشانه تهواو پێچهوانهی بنهماكانی مافی مرۆڤ و ڕێكهوتننامه نێودهوڵهتییهكان و پێشێلكردنی سهروهریی خاكی عێڕاق و ههرێمی كوردستانه و هیچ پاساوێك نییه بۆ ئهو هێرشانه و ناكرێ بههانهی ئاریشه و ململانێیەكانی نێوخۆی وڵاتێك بگاته ئهوهی بیانوو به شوێنی دیکە و دراوسێكانی بگری.
***
وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراقی مەحکووم کردوە و پێی لەسەر ئەوە داگرتووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بایەخ بە گرنگیی وەستاندنی ڕێژیمی ئێران بدات.
***
دامەزراوەی "ڕایەڵ" لە شاری ڕانیە دوای هێرشی مووشەکی و درۆنە خۆتەقێنەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و قوتابخانەی سەرەتایی منداڵان، فیستیڤاڵی ساڵانەی نێونەتەوەیی کولتوورە جیاوازەکانی هەڵوەشاندەوە. لە ڕاگەیەندراوێکی دامەزراوەی "ڕایەڵ"دا هاتوە کە بۆ پشتیوانی و هاوخەمی دەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کولتوورە جیاوازەکانی کە قەرار بوو بە بەشداری ١٩ وڵات لە شاری ڕانیە لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوە بچێت، ڕاگرتوە.
***
شوڕای میللیی تەسمیم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەو هێرشە بۆ سەر کوردەکان بۆ نیازی چەپەڵ و بیرکردنەوەی دژەمرۆیی ڕێژیم دەگەڕێتەوە کە لەپێناو مانەوەی خۆیدا جیا لە کوشتن و بڕین و بڵاوکردنەوەی نەفرەت و بێزاری هیچی دیکە ناناسێت.
شوڕای میللیی تەسمیم دەڵێ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان و داکۆکی لە حیزبە کوردییە تێکۆشەرەکان پشتیوانی لە خەباتی سەراسەریی هەموو خەڵکی ئێرانە. ڕاستە کۆماری ئیسلامی لەوانەیە بتوانێ ترسی خۆی بە خۆمپارەلێدان و مووشەکبارانی حیزبە کوردییەکان بشارێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە سیاسەتی حیزبە کوردییەکان لە دروستکردنی پێوەندییەکی سەراسەرییە کە زراوی کۆماری ئیسلامیی بردوە.
***
ناوەندی "چوارباخ" لە ڕاگەیەندراوی خۆی بەو بۆنەیەدا گوتویەتی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران کە بەو ئاکامە گەیشتووە هێزە سەرکوتکەرەکانی توانای بەرەنگاری و کۆنترۆڵی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێرانیان نەماوە، دەیهەوێ بەو پەلامار و هێرشانە بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چاوی کامێراکان لەسەر ئەو ڕاپەڕینە بەلاڕێدا بەرێ.
ناوەندی چوارباخ داوای لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکا کە لە ئاستی بەزاندنی سەروەریی وڵاتەکەیان و هێرش بۆ سەر هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتیی دانیشتووی باشوور کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وەکوو پەنابەر مافی نیشتەجێبوونیان یاسایییە، بێدەنگ نەبن و بەپێی ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران یەکەم جاری نییە ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دەکات، هەڵوێستی جیدییان ببێت.
***
یەکیەتیی پەرلەمانتارانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندوە هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای پێشێلکردنی پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دراوسێیەتی باش و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، پێشێلی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانیشە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتوە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەین دەست لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڵگرێ و چیتر کێشە نێوخۆییەکانی نەهێنێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها پێیان دەڵێین لە جیاتی هەوڵدانی بێئاکام بۆ قڕکردن و مراندنی هەستی نەتەوەیەکی زیندووی خاوەنماف، هەوڵ بدەن بە گفتوگۆ، چارەسەری ئاشتییانەی کێشە نێوخۆییەکانیان بکەن، نەک زیاتر ئاڵۆزکردنی کە قازانجی لێناکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنانی ئەو پەلامارانە و زەمینەیەکی ئارام بۆ پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی ئاوارە بڕەخسێنن. چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەوەیە چیدی دەستەوەستان نەبن و دەرحەو بەو تاوان و پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبن.
***
ناوەندی نەمران لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکوومکردنی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی و دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی ئەم کارەساتە ڕایگەیاندوە کە ڕێژیم بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی خرۆشانی سەرشەقامەکانی کوردستان و ئێرانە ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ئەنجام داوە کە تەواو لەگەڵ یاساکانی نێونەتەوەیی و ئیتیکی ئینسانی دژایەتی دەکات.
ناوەندی نەمران لە ڕاگەیەندراوەکەدا هێناویەتی ئەم کردەوانە پێناسە و خوو و خدەی بەرچاوی ئەو ڕێژیمەیە و ئەو کردەوە تێرۆریستییانە نە هەوەڵ جار و نە دوایین جاریشی دەبیت.