کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی سێ هاوپەیمانیی سەرتاسەری لە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەریی دژبە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران

19:20 - 7 رەزبەر 2722

سێ هاوپەیمانیی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ"، شوڕای دێموکراسی‌خوازانی ئێران" و "هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" بە ڕاگەیاندنی پشتیوانیی خۆیان لە بانگەوازی مانگرتنی گشتیی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی ئێران داگرتەوە.

لەم بانگەوازەدا بە ئاماژە بە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هاتووە کە وێڕای مەحکوومکردنی مووشەک‌بارانی بنکەکانی حیزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان، داوا لە هەموو ناوەندە نێونەتەوەییەکان دەکەین کە بە هەر شێوازێک کە بۆیان دەلوێ، پێش بە هێرشەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بگرن.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتوە کە درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان تەنیا هاتنە سەر شەقام نییە، ئەم هەبوونە دەبێ هاوکات بێ لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە هەموو ئاستی کۆمەڵگە و لەلایەن هەموو توێژەکانەوە. داخوازییەکانی کار دەبێ لەگەڵ داخوازییە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوتەریب بکرێ تا ببێتە هێزێکی گەورە و لەشکاننەهاتوو.

لە کۆتایی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتوە کە ئێمە بە پاڵپشتی لە بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژی شەممە، هەموو خەڵکی ئێران، کرێکاران و زەحمەتکێشان، مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابییان ، کارمەندان و کاسبکاران و … هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران بانگهێشت دەکەین تا بە مانگرتنی گەورە و سەرتاسەری، نەتەنیا یەکگرتوویی ئەم نەتەوەیە لە بەرانبەر حکوومەتی ئیسلامی نیشان بدەین، بەڵکوو ڕێگەی ڕزگاری لەم نەهامەتییە و گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی و بەرابەری کورت بکەینەوە.