کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نا"یەکی دیی خەڵکی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی

21:32 - 7 رەزبەر 2722

ئاسۆ منبەری

ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی هاتنەسەرکاریەوە تاکوو ئەمڕۆ بە بەردەوامی لە بازنەیەکدا خولاوەتەوە کە بەڕوونی ئەکرێ بوترێ کە بەنیسبەت نەتەوەکان و بەتایبەتیش بەنیسبەت نەتەوەی کورد سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرای هەبووە.

ئەم سیاسەتە ڕوون و ئاشکرایە ئامانجە سەرەکییەکەی پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بووە کە بەڕوونی لە دەستێوەردانە ئاشکراکانیدا دیارە، جا بۆ ئەم مەبەستەش لە هەر ڕێگایەک کەڵکی وەرگرتووە کە چاوخشاندنێک بە سەر ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی ئەم ٤٣ ساڵەدا بەڕوونی نیشانمان دەدات کە چۆن ئەم ڕێژیمە لە هیچ تاوانێکی دژەمرۆیی دژی نەتەوەی کورد دەستی نەپاراستووە.

هەر لە ڕووداوەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمەوە لە شۆڕشی ٥٧ و فەرمانی جیهاد بەدژی نەتەوەی کورد، ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان، تێرۆرەکان دژی هێزە کوردییەکان و هەموو تاوانەکانی دیکە هەتا دەگاتە مووشەک‌بارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ٩٧ و هەتا ئەمڕۆش کە ڕۆژێک بە سەر مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکاندا تێدەپەڕێت؛ ئەوە کۆماری ئیسلامی بووە کە بە دڕندانەترین شێوە و بە بیانووگرتن بە ڕووداوەکانی دیکەی نێوخۆ، هەوڵی داوە جیا لە بەلاڕێدابردنی پرسە گرینگەکانی ڕۆژەڤی وڵات، سەروەریی خاکی وڵاتانی دراوسێش پێشێل بکات و هیچ بایەخێک بە کاردانەوە جیهانییەکان نەدات.

پڕ ئاشکرایە کە چییەتیی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران وا دەخوازێ کە بەردەوام خەریکی خوڵقاندنی کێشە و ئاریشە بۆ خەڵک و بۆ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش بێت، هەربۆیە دوور لە چاوەڕوانی نییە کە کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی لە هەموو ڕێگایەکی نامرۆڤانە و هۆڤانە کەڵک وەربگرێت. ئەم ڕێژیمە تەنیا یەک ئامانجی هەیە، ئەویش مانەوەی خۆیەتی بە هەر نرخێک!

لە دوای مووشەکبارانەکەی ١٧ی خەرمانان بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و هاوکات لەسێدارەدانی سێ لاوی تێکۆشەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک لە ٢١ی خەرماناندا بە مانگرتنێکی گشتی لە سەرتاسەری کوردستاندا، هێزی لەبڕاننەهاتووی گەلیان بە ڕێژیم نیشان دا کە بێگومان هەر ئەو بێدەنگییە، خۆی توانیی بەهێزترین دەنگ و گەورەترین هەڵوێست بەرانبەر بەم کردەوە تێرۆریستییە بێت.

ئێستا کە ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە کوردستان و ئێران پەرەیان ئەستاندوە و کاردانەوەی وڵاتان و کەسایەتییە جیهانییەکانیشی بەدوادا هاتوە، ڕێژیم زیاتر لە هەمو کات هەستی بە لاوازی و لە لێژاییدابوونی دەسەڵاتەکەی کردووە بۆیە بە هێرشی ئەمجارەی خۆی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێرۆری تێکۆشەرانی کورد و ژن و منداڵی بێ‌تاوان و دەستدرێژی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، ویستی ڕقی خۆی لەم تووڕەییە بە سەر کوردستاندا بڕێژێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کردوە کە جارێکی دیکە بۆ وڵامدانەوە بە کردەوەکانی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ، ٩ی ڕەزبەر بەپیل بانگەوازی ئەم ناوەندەوە بچن و بە مانگرتنێکی سەرتاسەری بۆ جارێکی دیکە هێزی لەبڕاننەهاتووی خۆیان و پەیامی پاڵپشتیی خۆیان لە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بە ڕێژیم دووپات بکەنەوە، بۆیە پاڵپشتیی خەڵكی کوردستان لە ڕۆڵەکانیان و مانگرتن و یەکگرتوویی لەم ڕۆژەدا دەتوانێ زیاتر لە پێشوو ڕێژیمی ئێران بە چۆک دابێنێ و بەرەو لێواری ڕووخانی ببات.