کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی ئێران لە داوای مانگرتنی ناوەندی هاوکاری

13:20 - 8 رەزبەر 2722

حیزبی دێموکراتی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی لە داوای مانگرتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کردوە کە بۆ ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەر ڕاگەیەندراوە.

حیزبی دێموکراتی ئێران لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێ: سەرهەڵدانی مەزن و سەرتاسەری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی سەرجەم خەڵکی ئێران کە بەناوی مەهسا ئەمنییەوە دەستی پێ کرد و ئێستاش درێژەی هەیە، نەک هەر هەموو جیهانی ناچار کرد گوێ لەم هاوارانە بگرن بەڵکوو سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیشی ترساندوە.

دەنگی شۆڕشی خەڵک ئەوەندە بەرزە کە، هێرشە هۆڤانەکەی ڕۆژی ڕابردوو ٦ی ڕەزبەری سپای پاسداران بۆ سەر بارەگا و شوێنی نیشتەجێ‌بوونیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بەداخەوە تێیدا پۆلێک مرۆڤی بێتاوان کرانە ئامانج، نەک هەر هێمای زەبوونی و دەستەوشکاوبوونی ئەو تاقمە جینایەتکارەی زاڵ بەسەر ئێرانە، بەڵکوو سیاسەتی کۆن و چەوتی سواو بۆ دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران نەک هەر قەڵشتی ساز نەکردووە بەڵکوو ئەم پیلانەی کردە بڵقی سەر ئاو.

ڕاگەیەندراوەکە بە توندی هێرشەکانی سپای پاسداران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستانی مەحکووم کردوە و وێڕای پشتیوانیی خۆمان بۆ مانگرتنەکان کە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێ دەکا و لەسەر بڕیاری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دراوە، داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەکەین لەم قۆناغە هەستیارە بۆ دامەزراندنی دێموکراسی و ئازادی لە دواڕۆژێکی نەدوور و نەمانی ئەو ڕێژیمە کۆنەپەرەستە هاوڕێ و یەکگرتوو بین.