کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی کەم‌ئاوی لە چەند گەڕەکی شاری بۆکان و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە

18:39 - 14 خەرمانان 2722

لە چەند گەڕەکی شاری بۆکان کێشەی کەم‌ئاوی هەیە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لەو شارە هیچ گرینگییەک بە دۆخی ژیانی خەڵک نادەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانان، لە گەڕەکەکانی مەجبووراوا، عەلیاوا و چەند گەڕەکێکی دیکە ڕۆژانە خەڵک تووشی کێشەی کەم‌ئاوی دەبن و سەرلەبەیانی تا سەرەتای شەو ماڵەکانی ئەو گەڕەکانە ئاوی خوارندەوەیان نییە.

بەپێی زانیارییەکان؛ ئەو کاتانەش کە ئاو بۆ ماوەیەکی کاتی دێتەوە خەڵک بە ناچاری لە دەبە و تانکی ئاو پاشکەوت دەکەن.

 کاربەدەستانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمیش لەو شارە هیچ گرینگییەک بەو دۆخە نادەن و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

بێ‌ئاویی شاری بۆکان کە بەرۆکی بە خەڵکی ئەو شارە گرتووە لە حاڵێکدایە کە بۆکان یەکێک لەو شارانەیە کە چەند بەنداو و ڕووبارێکی ئاوی پێدا دەڕوات، بەڵام هەمووی ئەو ئاوانە لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەگوازرێتەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران.

بۆکان کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی شارەکانی دیکەیە ئێستا خۆی لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوویە و خەڵک داوایان لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم کردووە کە چارەسەریی ئەو کێشەیە بکەن، بەڵام هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.