سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، نووسەران و ڕووناکبیرانی باشووری کوردستان لە نامەیەکدا داوایان کردوە کۆنسوولی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەربکرێ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بچنە پشت ڕاپەڕینی کورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
دەقی ئەو نامەیە کە سەدان کەس ئیمزایان کردوە، بەو شێوەیەیە:
ئێمە ئەم هاووڵاتیانەی هەرێمی كوردستان كە لە خوارەوە ناومان هاتووە، پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی و مافە تاكەكەسییەكان بە تایبەتیش ژنان دەكەین. ئێمە بە توندی كۆمەڵكوژی و سەركوتی هاووڵاتیانی سڤیلی ناڕازی بەهۆی هێزە سەركوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مەحکووم دەکەین و داواكارین :
١- حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بچنە پشت ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی و بە فەرمی پشتیوانی لێبكەن.
٢- كونسوڵەكانی ئێران لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی بە زووترین كات دەربكرێن و پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران ڕابگیردرێن.
٣- سنوور بە ڕووی بەشداربووانی ڕاپەڕیندا بكرێتەوە.
٤- لە نەخۆشخانەكانی كوردستان چارەسەری بریندارەكانی ڕاپەڕین بكرێ و هاوكاریی ئەو کەسانە بکرێ کە لە دەست سەركوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بە جێهێشتنی وڵات دەبن.
٥- هاوكاری خەڵكی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵات بكرێ، لە ڕووی پزیشكی و سیاسی و ڕاگەیاندنەوە.
٦- ئەو دەزگا و كاناڵ و ڕێكخراوانەی گومانلێكراون بە نۆكەری بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لە باشوور دابخرێن.
٧- ئەو لایەنانەی نزیكن لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە فەرمی دابڕانی خۆیان لێی ڕابگەیەنن .