کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای ئابان: کۆماری ئیسلامی و خامنەیی جینایەت دژی مرۆڤایەتییان خوڵقاندوە

15:02 - 8 رەزبەر 2722

دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی ئابان، خامنەیی، ڕەئیسی و فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی مەحکووم کرد و داوای دادگاییکردنی ئەوانی کرد.

پاش نزیک بە دوو ساڵ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە سەر بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی زیاتر لە ٢٥٠ شایەتحاڵ و، لە درێژەی دوو دانیشتنی دادڕەسی، شەش مافناسی دیاری نێودەوڵەتی ڕایانگەیاند کە بێ‌شک دەوڵەت و هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران (پێکهاتوو لە وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم، شوڕای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی، شوڕای تەئمینی پارێزگاکان، هێزی ئینتیزامی، سپای پاسداران، بەسیج، وەزارەتی ئیتلاعات، هێزە لیباس شەخسییەکان و هێزی دادوەری) بە مەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و دیزەبەدەرخۆنەکردنی جینایەتەکان، بە داڕشتنی گەلاڵە و بەڕێوەبردنی پیلان جینایەت دژ بە مرۆڤایەتییان خوڵقاندوە. ئەم جینایەتانە پێک‌هاتوون لە کوشتن، شوێن‌بزرکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە لەوانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەستدرێژی و دەسبەسەرکردنی نایاسایی لە درێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨.

ئەم لێژنەیە بە سەرپەرستیی "وین جورداش"، ڕایگەیاندوە کە هێزە ئەمنیەتییەکان بە کەڵکوەرگرتنی نایاسایی لە چەکی گەرم و باقی ئەو شتانەی کە زیانی جیددیی بە گیان و ژیانی ناڕازییان و ڕێبواران گەیاندوە، لە چەندین حاڵەتدا مافی مرۆڤیان بەتەواوەتی پێشێل کردوە.

لەبەشێک لە دەنگەکاندا ئاماژە بە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناڕەزایەتییە هێمنانەکاندا کراوە، لەوانە، ئازادیی ڕادەربڕین، مافی دەسڕاگەیشتن بە دادپەروەری، مافی کەرامەتی مرۆیی وەک ئەسپەردەکرانی ئابڕوومەندانە. ئەم لێژنەیە بەتایبەت سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی بنەماڵەی کوژراوان لە پرۆسەی حەقخوازی و ئازار و ئەشکەنجەی ئەوان ڕایگەیاندوە کە بەرپرسان لە زۆربەی زۆری حاڵەتەکاندا مافی مرۆڤیان پێشێل کردوە.

لێژنەی دادوەرەکانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی ئابان لە کۆتاییدا سەرەڕای ئەوەی کە رایگەیاندوە بەرپرسانی پلە باڵای کۆماری ئیسلامی لە جینایەت دژی مرۆڤایەتی دژ بە خۆپیشاندەران و ڕێبواران لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەردا بەرپرسایەتیی سزاییان هەیە، خوازیاری بەدواداچوونی سزایی و یاسایی بۆ ئەوان بووە.

ئەم لێژنەیە هەروەها بە ئاماژە بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان پاش کوژرانی مەهسا ئەمینی داوای لە شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە پەروەندەی جینایەتەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ بۆ دادگای نێونەتەوەیی کەیفەری بنێرێت و گەمارۆ بخاتە سەر ئەو ناوەند و کاربەدەستانەی کە لەم جینایەتانەدا دەستیان هەبووە.