کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی و هاودەنگیی بۆ بانگەوازی مانگرتنی گشتیی لە سەرجەم ئێران

15:21 - 8 رەزبەر 2722

خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی ئێران!

هەڵسوڕاوان و چالاکانی مەدەنی!

کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەمبەر ناڕەزایەتییەکانی ڕەوای خەڵک چ لە کوردستان و چ لە ئاستی ئێران سیاسەتی سەرکوتی گرتۆتە بەر.

بە تەقەکردن و کوشتنی خەڵک لە شارەکان، هێرشی مووشەکی بۆسەر شوێنی نیشەجێبوونی حیزبەکان، دەسبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی چینی جۆربەجۆری کۆمەڵگە و چالاکانی کۆمەڵایەتی، بەتایبەی چالاکانی ژنان و کەشی ئەمنییەتیی توند هەوڵ دەدا بەرخودانی خەڵک دابمرکێنی.

بەشێکی زۆر لە ڕەوتە سیاسییەکانی وەک: شووڕای مودیرییەتی گوزار، یەکیەتیی بۆ ئازادی و بەرامبەری لە ئێران، شوڕای تەسمیم، شوڕای دێموکراسیخوازان، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێڕان وێڕای بەشێکی بەرچاو لە ڕێکخراوە مەدەنیی و کەسایەتییە سیاسییەکان، پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتی و مانگرتنی داواکراو لەلایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی سەرانسەری لە کوردستان، هەروەها خوازیاری مانگرتن و ناڕەزایەتی گشتی لە سەرجەم شارەکانی ئێران لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەرن.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سپاس و پێزانین لەم بانگەوازانە. داوا لە هەموو خەڵکیی ئێران لە بازاری، کرێکاران، کارمەند، قوتابی و هەموو سنف و بەشە جۆراوجۆرەکانی خەدەماتی و ئابووری دەکا بەپیل ئەم بانگەوازە بێن و بە مانگرتنێکی بێ وێنەی گشتی لە هەموو شارەکانی ئێران دەنگی خۆمان هەراوتر و یەکگرتووانە بە گوێی جیهان بگەیەنن هەتا ماشینی سەرکوتی ڕێژیم ناچار بە پاشەکشە بێ، هەتا ئازادی یدەسبەسەرکراوەکان، کۆتایی هێنان بە کەشی پۆلیسی و ئەمنییەتی و هەروەها لابردنی یاساگەلی دژەژن لە ئێران بێتە دی.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٨ی ڕەزبەری ١٤٠١