فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە یادداشتێکدا ڕوو بە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان، سەرجەم كونسولخانەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكومەتی فیدرال، پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەشکەرکێشیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قووڵایی هەرێمی کوردستانیان مەحکووم کرد.
لەو یادداشتنامەیەدا هاتوە سپای پاسداران بەفەرمی ڕایگەیاندوە كە "لە ڕێگای موشەك و درۆنەوە (73) جار و له (60) شوێن، بنكە و بارەگای حیزبەکانی کوردستانیان لە جەرگەی هەرێمی كوردستاندا كردۆتە ئامانج؛ کە بەداخەوە تا ئێستا ئەم هێرشانە ١٧ شەهید و دەیان برینداری لێ کەوتۆتەوە.
ئێمە وەك فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی
بە توندی ئەو كردە تاوانكارییەی كۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم دەكەین، چونكە كردەیەكی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێچەوانەی تەواوی پرەنسیپەكانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەكانە و، لەئەنجامدا خەڵكی سڤیل، ژن و منداڵ، قوتابخانە و نەخۆشخانەو دامەزراوەی مەدەنی و شوێنی ژیان كراونەتە ئامانج، سەدان خێزان لە زێدی خۆیاندا ئاوارەبوون، دڵەڕاوكێی لەنێو هاوڵاتیاندا بڵاوكردۆتەوە و بۆتەهۆی شێواندنی بازاڕ و ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانەدا.
فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین هەرچی توانای خۆیانە بیخەنە گەڕ بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو كردە تاوانكاریانەی دەوڵەتی ئێران، كە مەترسی خستۆتە سەر تەواوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان. هەروەها داوا لە حكومەتی عێراق کراوە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە ئاست پاراستنی سەروەریی خاكەكەی جێبەجێ بكات و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەبێ هەڵوێستی بەرپرسیارانەی
جدییان هەبێ و هەموو هەولێك بخەنە گەڕ لەپێناو ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە و
بەدەم لێقەوماوان و قوربانیانەوە بچن.
فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە 12 ڕێكخراوی ناحكومی پێکهاتوە و لە شاری سلێمانی دامەزراوە.
ناوی ڕێکخراوەکانی فیدراسیۆن :
1- سەنتەرى پەرەپێدانی ديموكراسى و مافى مرۆڤ- DHRD
2- ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان PAY
3- پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن- KIE
4- رێكخراوی ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناکان
5- ناوەندی نیشتمانی بۆ مافی مرۆڤ
6- رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كەلتوری مەدەنی ARAN
7- رێكخراوی گەشەپێدانی چالاكی لاوان YADC
8- رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمک)
9- رێكخراوى هاريكاريى ياسايى ژنان- WOLA
10- رێكخراوی هەڵوێست
11- رێكخراوی تیمی ئاشتی جڤاكی CPT
12- رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان