کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامەکانی مانگرتنی گشتیی ٩ی رەزبەر

16:44 - 8 رەزبەر 2722

قادر وریا 

چاوەڕوان دەکرێ مانگرتنی گشتیی ئەمجارە (مانگرتنی گشتیی سبەینێ ٩ی ڕەزبەر) لە کوردستان لە ڕووی یەکگرتوویی و بەرینی، شکۆیەکی بێ‌وێنەی هەبێ. ئەم مانگرتنە کە پشتیوانیی سەدان ڕێکخراو و کۆمەڵە و کەسایەتیی ئێرانیشی لەگەڵە، بە شوێن دڕندەیی بە تەواو مانای هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوو بەرەدا، بەڕێوە دەچێ. بەرەیەک، خۆپێشاندانی خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئەگەر چی خەڵک بە دەستی بەتاڵەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە چەکی گەرم، بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆ، بەرەوڕووی خۆپێشاندەران دەبنەوە و هەتا ئێستا هەر لە شارە کوردەکان زیاتر لە ٢٠ کەسیان شەهید کردوە، بە سەدان کەسیان بریندار و نەقوستان کردووە، ژمارەیەکی نادیار کە لە هەزار کەس تێ‌دەپەڕێ، دەستبەسەر کراون.

بەرەیەکی دیکەی دڕندەیی نواندنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی خەڵکی کوردستان، ئەو هێرشە پەهپادی و مووشەکییەی ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بوو. هێرشێک کە بە گوتەی فەرماندەرانی سوپای پاسداران، زیاتر لە ٧٠ مووشەکی بالستیک و دەیان درۆنی خۆتەقێنەری تێدا بەکار هات و بووە هۆی شەهیدبوونی نزیکەی ٢٠ ژن و پیاوی تێکۆشەر کە دیارە لە نێو شەهیدەکاندا، ژنی دووگیان بە کۆرپەڵەی ٩ مانگەوە هەبوو.

 یەکەم پەیامی مانگرتنی گشتیی شەمە ٩ی ڕەزبەری خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەم شێوە دڕندەیە دەیانداتە بەر ئاگر و ئاسن،  لە ڕۆڵەکانی ئەو خەڵکە پێک هاتوون و هەڵگری ئامانج و ویستەکانی خەڵکی کوردستانن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆ بەڵاڕێدابردنی بیروڕای خەڵکی ئێران و بیروڕای دنیای دەرەوە لە سەر ڕاپەڕینی خەڵک لە نێوخۆ، لە دەرەوەی سنوورەکانی قەیرانخوڵقێنی دەکا و ئەو حیزبانە دەکات بە ئامانجی پیلان و تاوانەکانی خۆی، خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەڵامیان دەداتەوە. کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێک دەدا ئەو حیزب و ڕێکخراوانە و لە گەڵ ئەواندا خەڵکی کوردستان ڕابکێشێتە نێو بەرەنگارییەکی چەکدارانە لەگەڵ خۆی بۆ ئەوەی لەلایەک خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران لە کوردستان بسڵەمێنەوە، لە لایەکی دیکەش ئەو پەڕێ دڕندەیی لە سەرکوتکردنی کوردستاندا بە کار بێنێت. بەڵام خەڵک و هێزە سیاسییەکان لەو نیازەی گەیشتوون و بێ ئاکامیان کردووەتەوە.

دووهەم پەیامی مانگرتنی گشتی ئەوە دەبێ کە سوپای پاسداران و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە هەڵەدان ئەگەر پێیان وایە بەو توند و تیژییانەی تا ئێستا لەسەر شەقام، نیشانی خەڵکی ڕاپەڕیویان داوە، کوردستان بووە بە ماستی مەییو. نەک هەر تووڕەیی خەڵک دانەمرکاوەتەوە بەڵکوو سەد قات زیاتر بووە. خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دوای ئەو قوربانییانەی لە خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشکەشی بارەگای ئازادییان کردوە، لەسەر خەبات تا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە لە پێشوو شێلگیرترن. ئەوان نەک هەر لە خوێنی شەهیدانی کۆن و نوێی خۆیان خۆش نابن، داواکاری ئازادکردنی گیراو و دەستبەسەرکراوان و سزادانی بکوژانی ڕۆڵەکانیانن. داواکاری پاکپوونەوەی بە یەکجاریی پەڵەی دەسەلاتدارێتیی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە لە سەر ژیانی خۆیان و خوازیاری ئازادیی ژن و پیاوی کوردن.

سێهەم پەیامی مانگرتنی ئەمجارە، ڕووی لە خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران، هەر وەها ڕووی لە هەموو ئەو کەسایەتی و کۆڕ و کۆمەڵانەیە کە لە دەرەوەی وڵات، هاودەنگ و پشتیوانی راپەڕینی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتن. لە ڕێگەی ئەم مانگرتنە گشتییەوە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نەتەوەکان و چین و توێژەکانی دیکەی خەڵکی ئێران دەڵێن، بوونی ئێوە لە سەر شەقامەکان و بانگی ئازادیخوازی و دروشمی دژ بە دیکتاتۆریتان، ئێمە لە سەر درێژەدانی خەباتی ٤٤ ساڵەمان بەرامبەر بەو ڕێژیمە دیکتاتۆر و مرۆڤکوژە، دڵگەرمتر دەکا. هاوخەباتی و هاوپێوەندیی خەڵکی کوردستان و ئێران، هەم خۆڕاگری و توانای خەباتکارانەمان بە هێز و لەشکان نەهاتوو دەکا، هەم پترلە پێشوو تۆوی ترس و ناهومیدی دەخاتە دڵی دەسەڵاتدارانی تاران.  پەیامی مانگرتنی گشتی بۆ کورد و ئێرانی و بیانییەکانی دەرەوەی وڵاتیش ئەوە دەبێ  کە پشتیوانیی ئێوە لە ڕاپەڕینی نێوخۆ و ڕاکێشانی هاودەنگیی کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ خەباتەکەمان، دڵگەرمی و وزەمان پێدەدا و بڕوامان بە سەرکەوتن بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پتەوتر دەکا.

سبەی ٩ی ڕەزبەر، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مانگرتنێکی گشتیی شکۆدار، جارێکی دیکە مۆرکی خۆی لە ڕەوتی ڕووداوەکان وڕاپەڕینی روولەگەشەی کوردستان و ئێران دەدا و، پێشەنگایەتیی خۆی لە خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  دەسەلمێنێتەوە.