سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتژمێر ٥ی بەیانیی ئەمڕۆوە بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی هەڵگورد، سیدەکان، بەربزین و سەقەری بە خەستی تۆپباران کردوە.
بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەم تۆپبارانە زیانی گیانیی بەدواوە نەبووە، بەڵام زەرەر و زیانێکی یەکجار زۆری بە ژینگە و پەرێزی وەرزێڕانی ناوچەکە گەیاندوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی یاسا و ڕێوشوێنی دراوسێیەتی، بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستدرێژیی کردۆتەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەمووانیش ئاگادارن کە لە سۆنگەی هێرشەکانی پێشووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە خەڵکی گوندنشین و هەوارچییەکانی ئەو ناوچانە زەرەر و زیانی ماڵیی زۆریان پێ گەیشتوە، سەرەڕای ئەوەش کە تۆپبارانەکان زیانی زۆریشان لە ژینگەی ناوچەکە داوە.
هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتی دراوسێی لە حاڵێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی حکوومەتیی خۆپیشاندەران لە زۆربەی شارەکانی ئێران وەڕێ کەوتوە و خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لەو ماوەیەدا لە پەرەسەندندا بوون. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش هەروەکوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆی لە بری وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک و، بۆ بەلاڕێدا بردنی سەرنجی گشتیی خەڵک لەسەر ناڕەزایەتییەکان؛ دەستی بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە.