کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: خەریکی داڕشتنی پلانێکی چڕین بۆ ئەوەی پێش بە بووژانەوەی بەرجام بگرین

13:00 - 14 خەرمانان 2722

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ئیستادا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پیش بە بووژانەوەی بەرجام بگرین و نابێ تاران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانان "یائێر لاپید"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتەکەیدا وتوویەتی: "ئێمە خەریکین بۆپێشگرتن بە بووژانەوەی بەرجام هەموو هەوڵێک دەدەین تا ڕێگری لە واژۆیەکی مەترسیداری نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بکەین".

بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی "مووساد" باسی لەوەش کردووە بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و مەترسییەکانی ڕێککەوتنی ناوکی، ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پلانی تۆکمە دادەڕێژێ بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی بەرجام سەر نەگرێ.

ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە ئیسرائیل وێڕای ئەوەیکە کە گوشار دەخاتە سەر ئامریکا بۆ ئەوەیکە دووبارە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگەڕێتەوە، هەموو هەوڵێکی دەوڵەتی "ئیسرائیلـ"ـیش بۆ ئەوەیە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و هەموو کۆمەڵگەی جیهانییش دەبێ لەوە تێبگەن کە تاران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر جیهان.