![](/content/upload/1/news/56016_w920.jpg)
ڕێکخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکان ناسراو بە یو.پی.ئن.ئۆ لە نامەیەکی سەرئاوەڵا ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای کردوە کە پاش کۆژرانی ژینا ئەمینی و سەرکۆتی ناڕەزاییەتیەکان لە ئێران دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پلانی بۆ وەڵامدەرکردنی ئێران لەهەمبەر کارەکانیدا هەبێت، هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠٢٠ لەهەمبەر توندوتیژی دەوڵەتیی ڕێژیمی سەرەڕۆی بلاڕووس ئامریکا و وڵاتانی ئۆرووپایی پلانێکی هاوبەشیان گرتەپێش.
ئاماژەدان بە کۆژراوان و دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندەران لە ئێران و هاوکات بچراندنی ئینترنت لە لاییەن دەوڵەتی ئێرانەوە و کەڵکوەرگرتن لە ئامبۆلانس و قۆتابخانەکان و بە گشتی شوێنە مەدەنییەکان بۆ سەرکۆتی خۆپیشاندەران، بەشێکی تری ئەو ڕاپۆرتە تێروتەسەلەی UNPO ی لە خۆ گرتبوو. هەروەها بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور عەلی عەبدیلزادە لەو ڕێکخراوەدا بە وردی ئاماژە بە ڕێژەی سەرکۆت و گیرانی چالاکانی سیاسی کورد و خۆپیشاندەران و بەتایبەت ژنان لە کوردستان و هەر لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بە هێرشەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە و کە بووە بە هۆی شەهیدبوونی ژمارەییەک لە خەڵکی سڤیل و کادر و پیشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی.
لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا ڕێکخراوی UNPO ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای کردوە:
١- پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتیی هاوبەش بۆ گۆشار خستنەسەر ئێران بە مەبەستی وەڵامدەرکردنی.
٢- گەمارۆ خستنەسەر بەرپرسانی ڕێژیم لە بواری پێدانی ویزا و ئامادەکاری بۆ دەستبەسەرکرانیان لە دەرەوەی ئێران.
٣- بەدواداچوون بۆ کردەوە جینایەتکارانەکانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.
٤- پاڵپشتی لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوەی وڵات.
٥- پاڵپشتی لە بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئێران بە تایبەت پاڵپشتی لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بە مەبەستی سەقامگیرکردنی مۆدێلێکی حوکمرانی کە مافی نەتەوەکان تێدا پارێزراو بێت.
٦- مەرجدارکردنی پاراستنی مافی مرۆڤ لە وتووێژەکانی ب بەرجام و بەگشتی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران.