کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقام، دەستپێکی قوناغێکی نوێ

22:53 - 8 رەزبەر 2722

ئارام کەیخوسرەوی

شار وەک "شوێن" یەکێک لە خاڵە ونبووەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد بووە. سیاسەتی ئەمنیەتی و نیزامیی داگیرکەرانی کوردستان هۆکارێکە تا لە درێژایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا شار نەتوانێت وەکوو ناوەندی ئەم بزووتنەوەیە دەربکەوێت و زۆر جار لە پەراوێزدا بمێنێتەوە. دیارە لە پەراوێز مانەوە بە مانای بەشداری نەکردنی خەڵکی شار لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا نییە، بەڵکوو لێرە مەبەست لە شار، شوێن یان پانتایی گشتیی شارە کە لە پەراوێزی شۆڕشدا بووە. لە درێژایی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناهاوسەنگییەک لە نێوان شاخ و شار یان شاخ و شەقامدا هەیە. ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمە، پڕە لە لاواندنەوە و ستایش کردنی "شاخ" وەک مەکۆ و ناوەندی خەبات و شۆڕش. لە کوێ باس لە کوێستان، شاخ و قەندیل و ... کرابێت ناڕاستەوخۆ ئاماژەیەک بووە بۆ فەزا و پانتاییەک کە فەزا/شوێنی خەبات و شۆڕشە. تەنانەت قسەیەکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێت: "تەنیا شاخەکان دۆستی کوردن"، ئەمە دەقاودەق گوزارشت لە ناوەندیەتی شۆڕش دەکات لە شاخ. کەواتە لە درێژایی بزاڤی ڕزگاریخوازیدا، کورد خیابانی وەک فەزایەک/شوێنێک لەدەست داوە یان مەجبوور بە پاشەکشە بووین لێی. بزاڤی نەتەوەیی ئێمە مەجالی ئەوەی پێنەدراوە تا خۆی وەک بزاڤێکی شاریش دەربخات. دیارە لێرە مەبەست لە بزاڤی شار، ئەو سیاسەتە خۆبەدەستەوەدەرەی ڕێفۆرمخوازانی کورد نییە کە ئاستی داواکاری کورد بۆ ئاستی هاووڵاتی بوون و جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتیی ئێران دادەبەزێنن، بەڵکوو مەبەست لە بزاڤی شار، پێداگری  لەسەر ئەو هێڵە فکریەیە کە دەیان ساڵە شاخ نوێنەرایەتیی دەکات و ئامانجی سەروەریی نەتەوەیی گەلی کوردە.

دوای سڕبوونی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزاڤی ڕزگاریخواز تا ڕادەیەک توانیی شوێن و فەزای شاریش بگرێتەوە، بەڵام لە هەست و نەستی سووژەی کورد کە هەڵگری دیسکۆرسی کوردایەتییە هەر ناوەندی خەبات شوێن/فەزای شاخ بوو. بۆیە شار هەوڵی دەدا سەر و ڕیش و جلوبەرگی وێکچوونی تەواوی بێت لە گەڵ شاخ. وێنای لە کوردی قارەمان، تەنیا لە شوێن/فەزای شاخدا بیچمی دەگرت. لە شوێن/فەزای شاخدا ڕوونی و ئاشکراییەک هەیە کە سووژەی هەڵگری کوردایەتی دەتوانێت بە ئاسانی خۆی دەربخات و چییەتیی خۆی نیشان بدات. بە پێچەوانەوە شوێن/فەزای شار یان شەقام کە دوای شۆڕشی چەکداری وەک ئامرازێکی تری خەبات هاتە کایەوە، شوێنی ئاشکرایی بوون نەبوو. سووژەی کوردی هەڵگری کوردایەتی نەیدەتوانی بە ئاشکرایی خۆی دەربخات، قسە بکات و .... هتد. بۆیە خەباتی شار دوای سڕبوونی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چووە قۆناغی خەباتی نهێنییەوە، واتە شار، تاریکیی(شەو) و نهێنی بوون ئامێتەی یەکدی بوون.

خەباتکارانی شار تەنیا بە نهێنی یان بە شەو دەیانتوانی وەک زمانی خەباتکارانی شاخ بپەیڤن و چالاکی بکەن. تەنیا بە نهێنی و خۆشاردنەوە دەکرا لەسەر دیواری بینایەکی ناو شار بنووسرێت: "پیرۆز بێت 2ی ڕێبەندان ساڵ ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان." بۆیە دۆخی بندەستیی ئێمە لە خەباتی شاردا بە تەواوی نیشان نەدەدرا. خیابان کە شوێنی ئاشکرا بوون و تێکەڵاوییە نەیدەتوانی بەرزەچڕی(بلندگو) دۆخی بندەستیی ئێمە بێت.  لێرە خەباتی نهێنیی گەلی کورد وێکچوونێکی هەیە لەگەڵ یەکێک لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانێکی دۆستۆیۆفسکی بە ناوی "نووسراوە ژێر زەمینییەکان" ؛ مرۆڤێک کە کێشە و گرفتەکانی تەنیا لەگەڵ خۆی و لە ژێرزەوینێک باس دەکات و ناتوانێت حەز و خولیاکانی لە پانتایی گشتی بدرکێنێت. بەڵام دواجار له خیابان وەک شوێنێک کە شوێنی بە یەکگەیشتنی هەموو چین و توێژەکانە، شوێنی جیاوازی و ئاشکرا بوونە، خۆی تاقی دەکاتەوە و بە شێوازی خۆی هەوڵ دەدا لە بەرامبەر کۆمەڵگای کاستیی ڕووسیا ڕابوەستێت.

واتە لە دۆخی ژیر زەوییبوونیەوە دێتە پانتایی گشتییەوە ئەویش تەنیا بەبۆنەی شەقام وەک شوێنی بەریەککەوتن و بەیەک گەیشتنی جیاوازی و تەنانەت بەریەککەوتنی گوتاری سەردەست و بندەست. کەواتە خیابان ئەو شوێنەیە کە بندەستەکان بە پێچەوانەی لۆژیکی دەسەڵات کە ساڵانێکە ئەوانی شاردووەتەوە  نیشان دەدات. خیابان بیاڤی ئاشکرایی و دەنگهەڵبڕینە.

لە ساڵانی ڕابردوودا لە چەند خۆپیشانداندا مژدەی سەرهەڵدانی خیابان وەک شوێن/فەزایەکی ئاشکرای خەبات دەبینرێت، کە دوایین خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر ڕووداوی شەهید بوونی ژینا ئەمینی لووتکەی ئەم سەرهەڵدانەیە. واتە چی دیکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە پێ دەنێینە ناو قۆناغێکی تر لە خەباتی شار واتە لە نهێنی بوونەوە بۆ ئاشکرا بوون، کە ئەمە لە پرسی زارای نیشتمانیشدا دەبینرێت کە زارا بە ئاشکرا خاوەنداریەتی لە ویست و ئامانجەکانی کوردایەتیی دەکات.

ئەگەر لە ڕۆمانەکەی دۆستۆیۆفسکی خیابان دەبێتە ئامرازێک تا بندەست ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کاستیی ڕووسیا ببێتەوە و ئەگەر لە کوردستاندا شوێن/فەزای "شاخ" بە شێوازی ئاشکرا دەبێتە شوێنی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ستەمی نەتەوایەتی و کلۆنیالیسم، ئەوە لە قوناغی نوێدا بزاڤی نەتەوەیی شوێن/فەزایەکی تریش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی بندەستی خۆی واتە "خیابان" چێ دەکات و خیابان شوێنی ئاشکرایی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتە، بۆیە کاتێک خیابان لە کوردستاندا دروشمی: "داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ژینامانی دەدا" یان کاتێک دروشمی "بژی بژی کوردستان دەدا" ئەوە ڕێک بەرەوڕووبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ لۆژیکی دەسەڵاتی سەردەست بە پۆزێسیون و ئۆپۆزیسیۆنە کە سەد ساڵە گێڕانەوەیەکی خەیاڵی و ئەزلی و ئەبەدی هەیە لە نەتەوەی ئێران.

بەدەر لەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە چ ئاکامێکیان دەبێت، شوێن/فەزای شەقام مژدەی سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کورستان دەدا کە چیدیکە نایهەوێ بە نهێنی بەرەنگاری دۆخی بندەستیی خۆی ببێتەوە و بە ئاشکرا و لە ڕێگای شەقامەوە دژی بندەستی و لۆژیکی کۆلۆنیالیستی نەتەوەی سەردەست و حاکمەکانی دەبێتەوە.

تێبینی: هیچ دژایەتییەک لە نێوان شاخ و خیاباندا لە ئارادا نییە، ئەوەی گرنگە سەرهەڵدانی فەزایەکی ترە بۆ ئەکت و کردەوەی شۆڕشگێڕانە، ئەگەر پێشتر تەنیا شاخ بوو لە ئێستا بەدواوە شەقامیش دێتە ڕیزی شاخەوە.