کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی ئیتلاعاتی سپای سیستان و بەلووچستان کوژرا

23:20 - 8 رەزبەر 2722

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران له پارێزگای سیستان و بەلووچستان فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران بە دەستی خەڵک کوژرا.

هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە ڕێکخراوی سپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە کە سەرهەنگ "سەید عەلی موسەوی"، فەرماندەی ئیتلاعاتی سپا لە سیستان و بەلووچستان، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمڕۆی سیستان و بەلووچستان کوژراوە.

لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی ژینا ئەمینی زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتبۆوە، هەواڵی دەستدرێژیی کاربەدەستێکی سپا بە منداڵێک لە سیستان و بەلوچستان گڕی لە توڕەیی خەڵک بەردا و بووە هۆی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبری وەڵامدانەوەی بەرپرسانە دەستڕێژی لە خەڵک کردوە کە بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان لە نێوان ٣٦ تا ٥٨ کەس کوژراون.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی ئێراندا حەبیبوڵڵا بەلووچ، سکرتێری گشتیی حیزبی بەلووچستان وێڕای پشتیوانیی لە بانگەوازی گشتیی مانگرتنە سەرانسەرییەکان، خەڵکی بەلوچستانی بۆ ئەو مانگرتنە بانگێشت کردوە.

لە ڕاگەیەندراوی حیزبی بەلوچستاندا هاتوە کە خەڵکی بەلوچستان بۆ دەربڕینی هاوپێوەندی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و حیزبە تێکۆشەرەکانیان کە بەر پەلاماری مووشەکیی ڕێژیم کەوتوون و لەپێناو یەکڕیزییی گشتی لە هەموو جوغرافیای ئێراندا دێنە ڕیزی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانەوە.