کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگا خۆشکردن بۆ جێنشینیی کوڕی خامنەیی لەجێی باوکی لەلایەن لایەنگرانی خامنەیی

13:23 - 15 خەرمانان 2722

لە بەرەبەری دانیشتنی مەجلیسی خوبرەگان لایەنگرەکانی خامنەیی لە هەوڵی ڕێگا خۆشکردن و بانگەشەکردنن بۆ ئەوەیکە کوڕی خامنەیی بەجێی باوکی وەک جێنشین دیاری بکەن.

لەبەرەبەری دانیشتنی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیمی ئێراندا لایەنگرانی خامنەیی لە هەوڵی ئەوەدان ڕێگا بۆ جێنشینیی "موجتەبا خامنەیی" وەک ڕێبەری داهاتووی ئێران خۆش بکەن.

 لەو پێوەندییەدا "مەهدی تاج‌زادە" پێشنوێژی شاری بەهارستان سەر بە پارێزگای ئیسفەهان و لە لایەنگرانی خامنەیی بە بانگەشە و پێداهەڵگوتن بە "موجتەبا خامنەیی" کوڕی خامنەیی و شوبهاندنی ئەو بە "ئیمام موجتەبا" ئیمامی دووهەمی شیعەکان و جێنشینیی ناوبراو دوای باوکی، لە هەوڵی ڕێگا خۆشکردنن بۆ ئەوەی خامنەیی کوڕەکەی ببێتە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران. 

ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا "میرحوسێن مووسەوی" لە ڕێبەرانی ناڕازیی خۆپیشاندانەکان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی، سەبارەت بە جێنشینیی کوڕی خامنەیی لە دوای باوکی هوشداری دا و وتی:" دەیانهەوێ بگەڕێنەوە بۆ دەورانی ٢٥٠٠ ساڵەی شاهەنشاهی کە دوای باوک کوڕەکەی ببێتە جێگرەوەی؟"

موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی یەکێک لە کەسە دەسڕۆیشتووەکانی پشت پەردەی کۆماری ئیسلامییە و دەستی لە دۆسیەکانی پێوەندیدار بە گەندەڵیی ماڵیی لە سپای پاسداراندا هەیە.