کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب لە سووریە

10:33 - 16 خەرمانان 2722

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی حەلەبەوە دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب لە سووریە.

هەواڵدەرییەکانی سووریە، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب ڕایانگەیاند کە، ئەرتەشی ئیسرائیل، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ١٥ی خەرمانان هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب، بە تەواوەتی هەموو گەشتە ئاسمانییەکان لەو فڕۆکەخانەیەدا ڕاوەستاوە.

هەواڵدەریی "ئەلعەرەبییە" لەم پێوەندییەدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ جموجۆڵەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بە شێوەی قاچاخ و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی سووریەوە دووجار بە فڕۆکەی شەڕکەری پیشکەوتووی "ئێف ٣٥" هێرشی کردۆتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و زەرەر و زیانێکی زۆری گەیاندووەتە ئەو فڕۆکەخانەیە.

سەرچاوە سەربازییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە ئامانج لەو هێرشانە پێشگرتنە لە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران کە دەیانهەوێت لە ڕێگەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە چەکوچۆڵ بە شێوەی قاچاخ و نایاسایی و بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە بدەن بە گرووپە میلیشیاکانیان لە ناوچەکەدا.