![](/content/upload/1/news/55638_w920.jpg)
بنەماڵەی چوار شارۆمەندی ئورووپایی دەسبەسەرکراو لە بەندیخانەکانی ئێران، یەکیەتیی ئورووپایان بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو یەکیەتییە هیچ هەوڵێکی بۆ ئازادیی کەسەکانیان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر کراون نەداوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانان، بنەماڵەی خوشکی "بێنجامین بریر" لە فەرانسە، هاوسەری "کامران قادری" لە ئۆتریش، هاوسەری "ئەحمەدڕەزا جەلالی" لە سوید و کچی "جەمشید شارمەهد" لە ئاڵمان، لە نامەیەکی سەرئاوەڵەدا بۆ "جوزێڤبورێڵ" بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئوروپا نووسیویانه: "گرینگیی پێنەدانی یەکیەتیی ئورووپا بە دۆخی ئەو بەندکراوانە لە ئێران، بووەتە هۆی نیگەرانی ئەوان کە ئەندامانی بنەماڵەکانیان بە تۆمەتی وەپاڵدراو لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی نادادپەروەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان".
واژۆکەرانی ئەو نامەیە ئەوەشیان زیاد کرد کە دەسبەسەرکراوەکانیان لە بەندیخانەکانی ئێراندا نازانن کە یەکیەتیی ئورووپا ئەوانی لەبیر کردووە و تا کەی دەبێ ئەو دۆخە دژوارە قەبووڵ بکەن.
ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی گوشار بۆ باجوەرگرتن لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە وتووێژەکاندا شارۆمەندانی بیانی دەسبەسەر دەکات و تۆمەتگەلی جۆراجۆریان وەپاڵ دەدات.