دایە فاتمە مەولوودی دایکی شەهید "حەسەن عەزیزی" لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە فاتمە مەولوودی دایکی "شەهید حەسەن عەزیزی" ناسراو بە "حەسەن بەیان" لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی کوچی دوایی کرد و لەنێو ئاپۆرای خۆشەویستانیدا لە شاری بۆکان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
"حەسەن عەزیزی" ناسراو بە "حەسەن بەیان" خەڵکی ئاوایی ساروجە پێشمەرگەیەکی قارەمان و بە بیروباوەری گەلەکەمان لە هێزی ١١٠ی بەیان بوو کە لە ٧ی ڕەرزبەری ساڵی ١٣٦٦ ھەتاوی لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی گوردانی "ئێمام حوسێن" لە ئاوایی "نۆبار" سەر بە ناوچەی "پیرمحمەممەد"ی بۆکان، لە گەڵ سێ ھاوڕێی دیکە بە ناوەکانی "ڕەحمان زارعی، وەلی فەتاحی و ڕەحمان جەناح" شەھید بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشیی خۆی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دایە فاتمە مەولوودی دەکا و خۆی بە هاوبەشیی خەمیان دەزانێ.