کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە بەڵگەنامەکانی تێچووە زەبەلاحەکانی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ وون بوونە

12:50 - 16 خەرمانان 2722

سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە ئەو تێچووانەی کە بەناوی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ تەرخان کراوە ڕوون نییە و بەشێک لە بەڵگەنامەکانی تێچووە زەبەلاحەکانی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ وون بوونە.

''سومەیە ڕەفیعی'' ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانان لەو بارەوە بە هەواڵدەریی ''ئیلنا''ی وتووە: "تێچوویەکی زۆر بۆ زیندووکردنەوەی گۆلی ورمێ تەرخان کراوە کە هەندێکیان بەڵگەنامەیان لەبەردەستدایە و هەندێکی دیکەشیان لەبەردەستدا نین، بەڵام ئەو تێچووانە ئاکامێکی نەبووە''.

سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگەی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە کە زۆربەی تیچووەکان بۆ توێژینەوەی دووپاتە و بێ‌ئەنجام خەرج کراوە و ئەوەی دەبوو ڕوو بدات بە کردەوە ڕووی نەدا".

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبا پێش لە وشکبوونی ئەو گۆلە پلانێكی تۆكمەمان بۆ پاراستنی پەسەند کردبایە، بەڵام نەک هەر نەپاراسترا، بەڵكو وێرانكارییەكان زیاتر بوون و بڕیاری هەڵە لەسەر کشتوکاڵی ئەو ناوچەیەش درا.

لە ئێستادا ٩٥ لەسەدی گۆلی ورمێ وشک بووە و بە وتەی بەرپرسی پێشووی ناوەندی ژیاندنەوەی ئەو گۆلە، ٨٥ لەسەدی بەهۆی هۆکارە مرۆییەکان و ١٥ لەسەدی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بووە .

هەروەها ''مەسعوود پزشکیان''، بەناو نوێنەری خەڵکی تەورێز لە مەجلیسی ڕێژیمدا هۆشداری داوە کە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوامی هەبێت زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس لە تەورێزەوە تا نزیک تاران ڕووبەڕووی تۆزی خوێ دەبن.

ناوبراو دانی بەوەدا ناوە کە جگە لە خراپ بەڕێوەبردن و وشکەساڵی، کردار و هەڵسوکەوتی سیاسی و بەکارنەهێنانی کەسانی بەتوانا تینوویەتی ئەو گۆلەی زیاتر کردووە.