کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران دژی لاوانی کورد لە ڕێگەی بە کرێگیراوانییەوە

12:09 - 10 خەرمانان 2722

بەکرێگیراوێکی ڕێژیم بە ناوی "ع- ڕ" خەڵکی ئاوایی "قاتانقوڕ"ی سەر بە شاری بۆکان، بە پشتیوانیی دەستوپێوەندییەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە، لەو ئاواییە مادەی هۆشبەر بەرهەم دێنێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" کەسێک بە ناوی "ع-ڕ" خەڵكی ئاوایی "قاتانقوڕ"ی سەر بە شاری بۆکان مادەی هۆشبەری جۆری "گوڵ" بەرهەم دەهێنێ و خەڵکی ناوچەکە ناڕەزایەتیی و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و چەند جارێکیش لە شوێنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەو شارە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەو کارانە پیلانی خودی ئیتلاعاتی ڕێژیمە بەدواداچوونی بۆ نەکراوە و خەڵکی ناوچەکەش نیگەرانن لەوەی کە ئەو کارە پەرە بستێنێ و لاوان و خەڵکی ئەو ناوچەیە گیرۆدەی مادەی هۆشبەر بن.

"ع-ڕ" دانیشووتی نێو شاری "بۆکانـ"ـە بەڵام بە مەبەستی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر دەچێتەوە بۆ ئاواییەکەی خۆیان، شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە زۆرجار ناڕەزایەتییان لە شوێنە پێوەندیدارەکان دەربڕیوە بەڵام بەهۆی ئەوەیکە خزمێکی ئەو کەسە لە بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتی ڕێژیمە کار ئاسانی بۆ کردووە و سکاڵا و ناڕەزایەتیی خەڵکیان لەبەر چاو نەگرتووە، ئەوە یەکێک لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە دژی لاوانی کورد لە کوردستان جێبەجێی دەکات.