کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتن و پێشکەوتن

13:26 - 16 خەرمانان 2722

پێژمان شەریعەتی

لە ڕوانگە و زانستە جۆرواجۆرەکاندا بە تایبەت کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتوری و ... بە بەردەوامی جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە کۆمەڵگەکان بەپێی پێوەرە نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهان پەیویستیان بە یەکگرتوویی هەیە، لە ڕاستیدا ئەمە ستایلێکی ژیانی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە جیهانی مودێرنە.

یەکگرتوویی هێز، ئەندیشە و ڕێباز دروست دەکا و تاکەکان لە خزمەت بە هەموو کۆمەڵگە ڕەوڵی باشتر دەگێڕن، ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە یەکگرتوویی لەوانەیە بۆ ئامانجێکی ڕۆخینەریش ڕوو بدات، وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی، مافیایی و دیکتاتوری، بەڵام بە گشتی یەکگرتوویی زۆرتر لە ڕوانگەی پوزتیڤ هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ و بۆ ئامانجێکی ڕەوا وڵامدەرە.

لە کولتووری ئێمەی کورددا بەتایبەتی لەو کاتەوە کە کوردستان داگیر کراوە، کۆمەڵانی خەڵک و ڕێبەران و بیرمەندانی کوردستان بە بەردەوامی باسێان لەوە کردوە کە خاڵی سەرەکیی سەرکەوتنی کورد یەکگرتووییە، یان بە شێوازێکی دیکە خەڵک باس لەوە دەکەن کە "یەکگرتوو نین بۆیە سەر ناکەوین" ، ئەم قسەیە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە و ڕەنگە لە ڕوانگەیەکی سادە و ساکار چاوی لێ بکرێت، بەڵام ئەمە بەشێکە لە ڕاستیی دەروونیی کۆمەڵگەی کوردەواری و لە ڕوانگەی دەروونناسی کۆمەڵایەتی، زۆر هۆکار هەن کە دەبنە هۆی ئەم دۆشداماوییە و دووپات‌کردنەوەی وای کردوە لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا جێگیر بێت.

بەشێکی سەرەکی بۆ ئەم شێوازە لە ڕوانین بە نیسبەت کورد و داهاتوو، دەگەڕێتەوە سەر سیاسەت و پیلانەکانی داگیرکەر، کە دەیهەوێ بە بەردەوامی بە شکستدان و دروستکردنی دووبەرەکی و لەتکردنی کۆمەڵگەی کوردستان بەسەر زاراوە، ئایین و خەتی فکری و سیاسی، ئیرادەی گشتی و هێزی نیشتمانی لە کۆمەڵگەی کوردەواری بستێنێت. لەم نێوانەدا بەشێک لەم پروپاگاندا و پیلانانە بەدژی حزبە کوردستانییەکان بکار دەبردرێ و لە لایەکیش بەشێکی زۆرینەی کۆمەڵگە وەکوو تاکێکی نیشتمانپەروەر ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە بە نیسبەت حیزبە کوردستانیەکان، کە هەم وەکوو جەریانی سیاسی یەکگرتوو بن، هەم هەوڵ بدەن کە کۆمەڵگە یەکگرتوو بکەن.

حیزبێک وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێشەنگە لە ڕەوتی خەباتی دێموکراتیک لە کوردستانی ئێران، کە 77 ساڵ بەسەر تەمەنی ئەم حیزبەدا تێپەڕ دەبێت و لە دڕێژەی خەباتی خۆیدا زۆر شانازی و دەسکەوتی بووە بۆ نەتەوەکەی و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردەوارییە، چاوەڕوانییەکان بە نیسبەت ئەم حیزبە زۆرترە و بەرپرسایەتیی نیشتمانیی قورسی لە ئەستۆی‌دایە، کە بە خۆشییەوە دیسانەوە سەلماندی کە باوەڕی بنچینەیی بە دێمۆکراسی و کاری ڕێکخراوەیی هەیە و بەڕژەوەندیی نیشتمانی لەسەرەو هەموو باس و بابەتێکە بۆ حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

لێرەدا یەکگرتوویی دێموکرات، جیا لەو هەست بە بەرپرسیارەتییانە، دەسکەوتی زۆری بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت به تایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات.

حیزبی یەکگرتووی دێموکرات بەسەر خستنی هێز و تواناکان، ڕێگر دەبێ لە پەرتەوازەیی هێز و دابڕانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات.

لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و تێپەڕاندنی کۆمەڵگەیەکی مکانیکی کە پێوەرەکان تەنیا عەشیرە، ئایین، بنەماڵە و ...ن، بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئورگانیک کە بەرژەوەندی گشتی، ئەرک و تواناکانە، کاریگەری حیزبی دێموکرات چ لە ساختاری حیزبی چ لە ساختاری کۆمەڵایەتی بەرچاو دەبێت.

واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەنتگرەکردنی کۆمەڵگەی کوردەواری دەتوانێ ببێتە هێزێکی شوێندانەر و بەشداریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کومەڵگادا بباتە ئاستێک کە هەتا ئیستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموون نەکراوە. بە تایبەتی کە هێڵەسوورەکانی نیشتمانی و دێموکراسی و بەرژەوەندی گشتی بوونە پێوەری سەرەکی، زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە تایبەتی باشووری ڕۆژهەڵات خۆیان باشتر تێدا دەبیننەوە و لە بەرامبەردا حیزبی دێموکرات دەبێتە خاون هێزێکی بە تواناتر کە هیچ داگیرکەرێک نەتوانێت لە بەرانبەر ئازادیخوازی و مافی نەتەوایەتی ڕێگر بێت. ئەمەش پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی وردتر و ڕوانینیکی هەمەلایەنە هەیە تاکوو ڕەوتێکی سیاسی بتوانێت دیسکورس و پلانەکانی گشتگیر بکاتەوە، کە بە دڵنیاییەوە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ جەریانەکانی سیاسی بزوتنەوەی کوردی، حیزبی دێموکرات لە سەرەوەی هەموویان‌دایە، بەو واتایە کە توانای ئەنتگرە کردن و بە جەماوەری کردنی گوفتمان لە حیزبی دێموکرات زۆرترە.

کاتێک کە تاک و کۆمەڵ هەست بەوە بکەن کە بەشێکن لە هەر جەریانێک و داهاتوویان گرێ دراوە بە بەرژەوەندی گشتی و لەم نێوانەدا مەیدانێک هەیە کە ئەو هەلە دەرەخسێنێ، بە دڵنیاییەوە بە ئامانج نزیکتر دەبێتەوە و سەرکەوتنی مسۆگەر دەبێت.

بۆیە حیزبی یەکگرتووی دێموکرات ئەو خوێندنەوە و ڕوانینەی بەباشی هەست کردووە و بە کردەوە مەیدانی خەباتی کوردایەتی بەربڵاوتر دەکاتەوە و لە گوزار بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئورگانێکی مودێرن کە بەرژەوەندیی وڵات لە سەرەوەی هەموو شتێک‌دایە بەردەوام دەبێت.