د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده
پاش چه‌ندین ده‌ور له وتووێژ و تێپه‌ڕکردنی هه‌وراز و نشێوی زۆر، سه‌ره‌نجام پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به ئاکام گه‌یشت و ڕۆژی ٢١ی ئووتی ٢٠٢٢ی زایینی ڕاگه‌یاندرا. له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ڕێککه‌وتن که به ڕوحی لێکگه‌یشتن و هاوسه‌نگی داڕێژراون، له‌مه‌ودوا هه‌ردوو حیزب له چوارچێوه‌ی حیزبێکی یه‌كگرتوودا به‌ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که تا به‌ستنی کۆنگره له‌لایه‌ن ڕێبه‌رییه‌کی هاوبه‌شه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێ، خه‌باتی خۆیان به‌دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان درێژه پێ ده‌ده‌ن.
ئه‌م یه‌کگرتنه‌وه‌یه کۆتایی به درزێكی ڕێکخراوه‌یی دێنێ که نزیک به شازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر واته له سه‌رماوەزی ١٣٨٥دا ڕووی دابوو. دابڕانێك که له‌گه‌ڵ ئه‌وه که گرینگ‌ترین دابڕانی مێژووی ئه‌و حیزبه بوو، زۆرتر به‌رهه‌می قه‌یرانێكی ته‌شکیلاتی و به‌ڕێوه‌به‌ری بوو تا جیاوازیی سیاسی و ستراتیژی. له ماوه‌ی زیاتر له ده‌هه و نیوێک خه‌باتی به‌جیای ئه‌م دوو حیزبه‌دا، سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری کۆمه‌ڵێک کارکردی ڕێکخراوه‌یی و خه‌باتگێڕیی جیاواز له هێندێک بڕگه‌دا، هه‌ردوولا وه‌ک میراتگری مێژووی حیزبی دێموکرات و به‌پشتبه‌ستن به هه‌مان سامانی ڕه‌مزی (به‌تایبه‌تی کۆماری کوردستان و ڕێبه‌رانی شه‌هیدی ئه‌و حیزبه قازی محه‌ممه‌د، عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی) و به پێڕه‌وی له هه‌مان ستراتژی (چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا) درێژه‌یان به خه‌باتی خۆیان دا.
ڕه‌وتی ئاسایی‌بوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی دوولایه‌ن و وتووێژه‌کانی یه‌كگرتنه‌وه له مه‌ودایه‌کی نه زۆر دوور پاش جیابوونه‌وه‌كه ده‌ستی پێ کردبوو و له ساڵانی دواییدا دێموکراته‌کان پێکه‌وه هه‌م له کۆمه‌ڵێك کۆڕوکۆمه‌ڵی ده‌ره‌کی (بۆ نموونه ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست و هێندێك هاوپه‌یمانیی ئێرانی)دا به‌شدار بوون، هه‌م له چوارچێوه‌ی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران‌دا هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌کرد. دیارده‌ی دوو دێموکراتی ئه‌وه‌نده درێژه‌ی کێشا که له بیروڕای گشتی و له دیکۆری کۆمه‌ڵگەی سیاسیی کوردستان و ئێران‌دا به‌ته‌واوی جێ که‌وتبوو. به‌ڵام هه‌رگیز نه خه‌ڵکی کوردستان به "دوو دێموکراتی" ڕازی بوون و نه ڕێبه‌رانی دوو لایه‌نیش له زه‌رووره‌تی وه‌سه‌ریه‌ک‌خستنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکرات غافڵ بوون.
جێگه و پێگه‌ی مێژوویی حیزبی دێموکرات له بزوتنه‌وه‌ی کورد و خۆشه‌ویستیی ئه‌و حیزبه له‌لای خه‌ڵک به ڕاده‌یه‌که که له‌گه‌ڵ به‌ئه‌نجام‌گه‌یشتنی وتووێژه‌کانی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکرات، شه‌پۆلێکی بێ‌وێنه له پێشوازیی سه‌رتاسه‌ری کوردستانی داگرت. هه‌ر ئێستا که ته‌نیا ماوه‌یه‌کی که‌م له ڕاگه‌یاندنی یه‌کگرتنه‌وه تێ‌ده‌په‌ڕێ، دڵخۆشیی خه‌ڵکی کوردستان و پێ‌ناخۆشبوونی کۆماری ئیسلامی به چه‌شنێکه که حاڵه‌تێکی ته‌واو نائاسایی له شار و گونده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زاڵه.
یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرینگ‌ترین ڕووداوی سیاسیی پێوه‌ندیدار به کوردستانی ئێران له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودایه. بایه‌خی ئه‌م ڕووداوه ته‌نیا له‌وه‌دا نییه که به‌مجۆره کۆتایی به کۆمه‌ڵێک گیروگرفتی نێو تیئاتری خه‌باتی کورده‌کانی ئێران دێ که هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به پرسی خه‌باتی ئه‌و گه‌له‌وه نه‌بوو و بگره زیانیشیان پێ ده‌گه‌یاند، به‌ڵکوو له‌ڕووی زێهنیی و کردارییه‌وه یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکرات شوێنه‌واری ئه‌رێنی له‌سه‌ر سنووربه‌ندی و کارتێکه‌رییه‌کانی له‌مه‌ودوای نێو ڕه‌وتی گۆڕانخواز له کوردستان و ئێران داده‌نێ. به یه‌كبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێز و پۆتانسیه‌له کۆن و تازه‌یه‌ی خه‌بات که له‌نێو و به‌ده‌وری حیزبی دێموکرات‌دا کۆ ببۆوه، ڕۆڵی ته‌وه‌ریی حیزبی دێموکرات له بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێران‌دا جارێكی دیکه به‌رجه‌سته‌تر ده‌بێته‌وه و ده‌توانێ کۆی کایه‌ی سیاسیی کورد له ئێران‌دا بخاته ژێر تیشكی خۆی.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که پێوه‌ندییه‌کانی نێوان حیزبی دێموکرات و هێزه سیاسییه ڕه‌سه‌نه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی "کۆمه‌ڵه"کان زۆر باشه، هه‌روه‌ها ئه‌وه که هه‌ردوو لایه‌نی پێشووی حیزبی دێموکرات وێڕای هه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه، له‌نێو خه‌ڵكدا خۆشه‌ویستن و ڕوانینێکی پۆزه‌تیڤ و کارایان بۆ خه‌باتی خه‌ڵک له نێوخۆی وڵات و چالاکانی مه‌ده‌نی هه‌یه، یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات ده‌توانێ به‌فه‌رمی یا له کرده‌وه‌دا ببێته هۆی دروست‌بوونی ئادره‌سێکی تازه‌ی سیاسی به کۆمه‌ڵێک سازوکاری خه‌باتگێڕیی به‌بڕشت و هه‌مه‌لاگیره‌وه. ئه‌مه‌ش یارمه‌تی به وه‌ده‌رکه‌وتنی زیاتر و باشتری توانستی خه‌بات و دنیابینیی سیاسیی کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له سێ ڕه‌هه‌نددا ده‌كا: ڕوو به پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان که هێندێک له هێزه‌کانیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ست له کاروباری کوردستانی ئێران وه‌ربده‌ن؛ ڕوو به کۆمه‌ڵگەی سیاسیی ئێران که هێشتا هه‌ڵگری ڕوانینێكی یه‌کده‌ست و دڵخواز بۆ ویسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان نییه، و ڕوو به کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی که به‌هۆی په‌رش و بڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هێشتا هێزه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ئێران له لێکدانه‌وه‌کانی پێوه‌ندیدار به مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕێژیم و ڕوانین بۆ ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته وه‌به‌رچاو ناگرێ.
یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات ئه‌گه‌رچی به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ گواستنه‌وه‌ی خه‌باتی کوردی ڕۆژهه‌ڵات بۆ قۆناغێكی باشتر ئه‌نجام دراوه، بۆ ئۆپۆزیسیۆنی نالێکی ئێرانیش هه‌ڵگری په‌یامی یه‌کیەتی و پێکه‌وه کارکردنه. ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه که ده‌توانێ دروست‌بوونی جه‌مسه‌رێكی سیاسیی ته‌با و پایه‌دار بۆ کورده‌کان له ئێرانی‌دا لێ بکه‌وێته‌وه، بۆ کۆمه‌ڵگەی سیاسیی ئێران (چ ده‌سه‌ڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن) ده‌توانێ سه‌رچاوه‌ی ئاله‌نگاری بێ، به‌تایبه‌تی له به‌ستێنی نه‌ته‌وه‌کان و ویسته شوناس ته‌وه‌ره‌کاندا که گرینگ‌ترین فاکته‌ری پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له ئێرانی ئاینده‌دایه.
گرینگ‌ترین ئاله‌نگارییش نابێ له کورتماوه و له تۆکمه بوونه‌وه‌ی هێزی خه‌باتگێڕانه‌ی کورد له ئێران‌دا ببینرێ، به‌ڵکوو پێویسته له درێژماوه و له به‌ستێنی سیاسی و گوتاریدا بۆی بگه‌ڕێن. به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی، حه‌فتا و حه‌وت ساڵ پاش دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، به هه‌موو ئه‌و تێچووه‌وه که کورده‌کانی ئێران له‌پێناو ئازادی و دێموکڕاسیدا داویانه و سه‌ره‌ڕای ئاقاره به‌گشتی نه‌رمئاژۆ و ئاشتیخوازه‌کانی هێزه سیاسییه‌کانیان، سه‌رنجنه‌دانی کۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێران به جه‌وهه‌ری ئه‌سڵیی مه‌سه‌له‌ی کورد خه‌ریکه نه‌ك هه‌ر نه‌وه‌کانی له‌مه‌ودوا به‌ڵکوو به‌شێک له بژارده سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی هه‌نووکه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌و ئه‌نجامگیرییه ده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌گه‌ر بڕیار بێ ڕوانین و مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگەی سیاسیی ئێران بۆ پرسی کورد هه‌ر ئه‌وه بێ که تا ئێستا بووه، ڕه‌نگه ئه‌و نه‌وه و بژاردانه چیدیکه خۆیان به ئه‌سڵی ته‌واوه‌تیی ئه‌رزیی ئێران نه‌به‌ستنه‌وه و به‌كرده‌وه بۆ دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس له پێشکه‌وتووترین شکڵی‌دا خه‌بات بکه‌ن.
به‌وپێیه ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و مایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو له ئێران‌دا ده‌بێ ئاگاداری ئه‌و ڕاستییه بن که ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی له خه‌می پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له ئێرانی دواڕۆژدان، پارتنێر و موخاتبێكی به‌هێزتر و مه‌عقوولتر له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان وه‌ده‌ست ناکه‌وێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌درێژایی زیاتر له حه‌وت ده‌یه و نیو‌ی ڕابردوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه که له‌لایه‌ن هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یه‌ک له‌دوای یه‌كی ئێرانه‌وه هه‌میشه ئامانجی توند‌وتیژترین جۆره‌کانی هێرش و سه‌رکوت بووه، به‌ڕابردووترین هێزی سیاسیی ئێرانه که هێشتا له مه‌یدانی سه‌ره‌کیی خه‌باتدا ماوه؛ پێگه‌یه‌کی خه‌ڵكیی به‌ربڵاو و دیاری هه‌یه؛ و له ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا له هه‌موو هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زیاتر خاوه‌نی پرستیژ و پێوه‌ندییه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌و حیزبه سه‌ره‌ڕای نفووز و توانایه‌ک که هه‌یه‌تی و سه‌ره‌ڕای ئه‌و سته‌مه‌ش که له خۆی و خه‌ڵکه‌که‌ی کراوه، هێشتا له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئاقاره مه‌عقوول و دێموکراتیکه‌کانی خۆی سووره.
ئاشکرایه که یه‌كگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات بۆ خودی ئه‌و حیزبه‌ش به‌دوور له ئاله‌نگاری نییه. ڕێبه‌رانی له‌مه‌ودوای ئه‌م حیزبه جیا له‌وه که ده‌بێ پاراستنی هه‌رچی باشتری ده‌سکه‌وتی یه‌كگرتنه‌وه له قووڵکردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتریدا ببینن، پێویسته به‌سوودترین سه‌نتێز له زه‌رفییه‌ت‌سازییه سیاسی و ته‌شکیلاتییه‌كانی پێشووی دوو حیزب بخه‌نه ڕوو و جێبه‌جێی بکه‌ن و زیاتریش سه‌رنج بده‌نه به‌شداریی هێزی لاو و ژنان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فره‌چه‌شنییه نه‌ریتی و تازه وه‌ده‌رکه‌وتووه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگەی کوردستان له سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی حیزب‌دا. به بارێكی دیکه‌دا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه که مانه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تیی حیزبی دێموکرات له هه‌رێمی کوردستانی عیراق و نه‌خشی تێکده‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا دروستیان ده‌كا، پێویسته پێکهاته و کارکردی ئۆرگانیزمی حیزب وه‌ها نۆژه‌ن و کارا بکرێته‌وه که خه‌باتی ئه‌و حیزبه و سه‌رجه‌م کورده‌کانی ئێران له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا له جاران هه‌ماهه‌نگتر، به‌مه‌یدانی‌تر و شوێندانه‌رتر بچێته پێش.
ئه‌ولاتر له هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌گه‌رچی یه‌كگرتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکرات هه‌نگاوێكی زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام هه‌نگاوی گه‌وره‌تر یه‌کگرتنی زیاتری جووڵانه‌وه‌ی سیاسیی کورد له ئێران و ده‌ستڕاگه‌یشتن به هاوپه‌یمانیی وه‌ها له ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندایه که هاوکات هه‌ردوو ئیمپراتیڤ (مهم)ی دێموکڕاسی و مافی نه‌ته‌وه‌کان له‌به‌رچاو بگرێ.
یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات نیشانده‌ری پێگه‌یشتوویی و به‌رپرسیارێتیی ڕێبه‌ران و ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه گه‌وره سیاسییه و مزگێنی‌ده‌ری سه‌رفه‌سڵێکی هیوابه‌خش له خه‌باتی گۆڕانخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و ئێرانه. هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی خوازیاری وه‌ها قۆناغێک بوون ده‌بێ به یه‌كگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات و به‌وه که هێزێكی ئه‌وه‌نده مه‌تین و خاوه‌ن ڕابردوو به‌هێز بێته‌وه دڵخۆش بن.
بلێز پاسکاڵ ده‌ڵێ: "هه‌ر فره‌ییه‌ک یه‌كبوونی لێ نه‌که‌وێته‌وه، ئاکامه‌که‌ی بێ‌سه‌ره‌وبه‌ره‌ییه. هه‌ر یه‌كبوونێكیش پشت به فره‌یی نه‌به‌ستێ، ئاکامه‌که‌ی سه‌ره‌ڕۆییه". با ئه‌م وته‌یه نه‌خشه‌ڕێگای له‌مه‌ودوای دێموکراته‌کان و ئازادیخوازان له کوردستان و ئێران بێ.