کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستنیشا‌ن‌کردنی گرووپی هەکێری سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی سیخوڕی

11:06 - 17 خەرمانان 2722

کۆمپانیای ئەمنییەتی سایبێریی" ماندیانت" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، گرووپێکی هەکێری سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی کە بە مەبەستی سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە پێکهاتووە، دەستنیشان‌کرد.

کۆمپانیای ئەمنییەتی سایبێریی" ماندیانت" ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەرەڕای دەستنیشان‌کردنی گرووپێکی هەکێریی نوێ سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەو گرووپە هەکێرییە کاریان زۆرتر سیخوڕی، کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر کەسایەتییە جیهانییەکان و هەروەها بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.

ئەو کۆمپانیایە هەروەها ڕایگەیاندووە کە، یەکەمین جار شوێنپێی ئەو گرووپەی هەکێرەی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە بە ناوی" ئای‌.پی.‌تی ٤٢" ناوبانگیان دەرکردووە لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیی هەڵگیراوەتەوە کە زۆربەی کارەکانیان پێوەندیی دروستکردن لەگەڵ سیخوڕەکانی دیکە لە جیهاندا بووە کە بە قازانجی ڕێژیمی ئێران کار دەکەن.

ئەو گرووپە هەکێرییە زیاتر ئامانجیان دیاریکردن و هێرشکردنە سەر ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکانی پێشووی ئێران، ئەو کەسانەی کە دژی ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکەن و هەروەها زانیاریی کۆکردنەوە لەسەر ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانکۆکان لە دەروەی سنوورەکانی ئێران بووە.