کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی: لەسەر ئاشتیخوازبوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران هیچ جۆرە دڵنیاییەک نییە

11:46 - 17 خەرمانان 2722

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا سەرەڕای ئاماژە بە پێشێلکارییە ناوکییەکانی ئێران، ڕایگەیاندووە لەو بارودۆخەدا ناتوانین بڵێین بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران تەنیا بە مەبەستی ئاشتیخوازانەیە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران نووسیویەتی: "پاشکەوتکردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ١٩ هێندەی ڕێگەپێدراوە وهەروەها پاشکەوتکردنی ئۆرانیۆمی بە ڕێژەی لەسەدا ٦٠ی پیتێندراو کە بە شێوەی گازی هێگزا فلۆراید، ئۆرانیۆم لە سانتریفیوژەکاندا بەکار دەبردرێ لە ١٢ کیلۆ و نیو بۆ ٥٥ کیلۆ بەرز بووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا" ڕافائێل گرووسی" سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر بەردەوامیی پێشێلکارییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: "لە ئێستادا ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە ئێران ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە مەبەستی ئاشتیخوازانە بەرهەم دێنێ".