کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی" غەفوور مەخمووری" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان لە حیزبی دێموکرات

12:27 - 17 خەرمانان 2722

سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان"YNADK" بەبۆنەی یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتەوە پەیامێکی پیرۆزبایی پیشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

دەقی پەیامەکە بەم شیوەیەیە:

برای بەڕێزمان كاك مستەفا هیجری بەرپرسی گشتیی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

براى بەڕێزمان کاک خالید عەزیزى وتەبێژى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

   سڵاوێكی برایانەی گەرم ...

 بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكێتی نەتەوەیی دێموكراتی كوردستان  YNDK، بەبۆنەی یەکگرتنەوەى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەكەین و، هیوادارین یەکگرتنەوەى حیزبەکەتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان.

 بەڕێزان؛ یەکگرتنەوەى حیزبى دێموکراتى کوردستان ئێران هەنگاوێکى بوێرانە و کارێکى نەتەوەیى نیشتمانى مەزنە، بە چاوى ڕێزەوە لەو هەنگاوەتان دەڕوانین و بە بەرزى دەینرخێنین، یەکگرتنەوەى (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) لەم کاتەدا کەوا كوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتى كوردستان لە ڕەوشێكی زۆر ناسک و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، پێویستییەکى بابەتى و مێژوویى بوو، ئومێد دەکەین یەکگرتنەوەى حیزب ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لەگۆڕانکارییەکان ، بێگومان باوەڕى نەگۆڕمان وایە کە یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەم ڕوانگەوە یەکگرتنەوەى حیزبى دێمۆکرات بە چەکێکى کاریگەر دەزانین بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان، بەباوەڕی ئێمە هەنگاوى دواى یەکگرتنەوەى حیزبى دێموکرات، بۆ بەهێزکردنی خەبات و پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەرتاسەرییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.

 لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، جەخت‌دەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە ڕەواكانمان .

 براتان

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتی

یەکیەتیی نەتەوەیى دێموکراتى کوردستان YNDK 

7 / 9 / 2022