لە درێژەی پەیوەستبوونی کچان و کوڕانی نیشتمان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پۆلێکی دیکە لە ڕۆڵە بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەرانی کوردستان، دەورەی ٢٥٨ی فێرگەی سەرەتایی پێشمەرگایەتییان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند و پەیوەست بوون بە ڕیزی تێکۆشان و خەباتی ئەو حیزبەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکی پێشمەرگانەدا و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٥٨ی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، پۆلیکی دیکە لە لاوانی دڵسۆز و بە ئەمەگی نیشتمانەکەمان لە ڕێوڕەسمێکی پێشمەرگانەدا هاتنە ڕیزی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتەوە.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و ڕێژەی پێشمەرگانە دەستی پێکرد.
پاشان "غالب حەبیبی"، بەرپرسی ئامووزشی ناوەندی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە بەشداربووانی دەورەکە و ئاماژە بە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات، باسێکی چڕی لەسەر سیاسیبوون پێشکەش کرد و وتی: "وشەی سیاسی لەسەر دەمی یۆنانی کۆنەوە هاتووە و پێویستە مرۆڤ لە مەیدانی کردەوەدا سیاسیوونی خۆی بسەلمێنی و لەسەر مافی ڕەوای خۆی سیاسییەنە بەرگری بکا".
"حەبیبی" لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتی: "نەتەوەی کورد بە هاتنە مەیدانی ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی خۆی بۆ نێو ڕێزەکانی شۆڕش دژی داگیرکەران بێ دوودڵی لەسەر مافی ڕەوای خۆی سیاسییانە بەرگری دەکا بۆ ئەوەی لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە مافەکانیان پێشێل نەکرێ و بگەن بە ئاوات و ئامانجی نەتەوەکەی خۆیان. نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کچ و کوڕگەلێکی هەیە کە خەمی کۆمەڵگەیان لەسەر شانە و بۆ پاراستنی مافی ڕەوای نەتەوەی خۆیان پەیوەست بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەبن؛ چونکە ئەو نیزامەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیڕەوی دەکا، بە تەواوی مافی نەتەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل کردووە، بۆیە سیاسەت و هێز تەواوکەری یەکن بۆ ئەوەی بتوانرێ مافە ڕەواکانی خۆیان دەستەبەسەر بکەن".
لە درێژی ڕێوڕەسمەکەدا شیعرێکی نیشتمانی لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانی دەورە و ڕاپۆرتی فێرکاریی دەروەی فێرگە لەلایەن "فەریاد دروودی" یەکێک لە مامۆستایانی فێرگە پێشکەش کران.
پاشان سروودێکی شۆڕشگیڕانە لەلایەن پێشمەرگەکانی دەورەوە و پەیامی دەورەی ٢٥٨ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانی دەورەکەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن "ڕەحمان ڕانسووری"، بەرپرسی ناوەندی ١ی کوردستان و "عەبدولکەریم جەلالی"، کادری حیزبی دێموکرات، خەڵاتی سەرکەوتوانی دەورەکە لە بواری نەزم و دیسیپلین و تاقیکاریی سیاسی و نیزامی پێشکەش بە شەش کەس لە بەشداربوونی دەورە کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و خۆشیی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.