ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یاد و بیڕەوەری نەمر شەهید "عوسمان مستەفاپوور" کە یەکێک لە زیندانییانی سیاسیی پێشوو و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووه، بەرز ڕاگرت.
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکساڵەی کۆچی دوایی نەمر "عوسمان مستەفاپوور" بەو بۆنەوە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی لەسەر گڵکۆی ناوبراو بەڕێوە برد.
سەڕەتای ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری نەمر عوسمان موستەفاپوور دانرا و پاشان "سەلاح خزرپوور" بەرپرسی ئەنجومەن، چەند وتە و باسی لە خۆڕاگری و ئازایەتیی ناوبراو، ٢٩ ساڵ بەندکران و مانەوەی سەربەرزانەی کاک عوسمان مستەفاپوور لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا کرد.
ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا موژدەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بە ڕوحی بەرزی کاک عوسمان ڕاگەیاند کە ئاواتی ئەوە بوو ئەو حیزبە بە یەکگرتوویی ببینێت کە ئەم ئاواتەی ئەمڕۆ وەدیهاتووە.
"خزرپوور" لە کۆتایی قسەکانیدا وێرای دانواندنی سەری کڕنۆش بەڕامبەر بە خەبات و تێکۆشانی کاک عوسمان، پەیمانیان لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان دڕێژەدەری ڕێگایان بن.
لە دڕێژەی ڕێوڕەسمەکەدا سپاسنامەیەک کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگریی نەمر "عوسمان مستەفاپوور" ئامادە کرابو لەلایەن "والی دروودی" زیندانی سیاسی پێشوو پێشکەش بە بنەماڵەی ئەو نەمرە کرا.
دوا بە دوای ئەوەدا "تاهیر مەحموودی" لە هاوڕێیانی نزیکی نەمر عوسمان مستەفاپوور، باسی لە ڕەوشتە بەرزەکانی شەهید عوسمان کر د و وتی: "سەڕەرای ئەو هەموو ساڵەی کە لە زیندان بوو ئامادە نەبوو ناخۆشییەکانی زیندان بە خەڵک بفرۆشێ و ناوبراوی بە نموونەی مرۆڤێکی بە پڕەنسیب، حیزبی، خاکی و خەڵکی و قارەمانێکی بەبیروباوەڕ وەسف کرد".
لە کۆتاییدا تاجەگوڵینەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و بنەماڵەی بەڕێز شەهید لوقمان مێهفەر، لەسەر مەزاری ئەو نەمرە دانران.