کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کەماڵ شەریفی زیندانی سیاسیی کورد سەبارەت بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات

12:38 - 17 خەرمانان 2722

''کەماڵ شەریفی'' سیاسیی کورد لە زیندانی میناب لە نامەیەکدا یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی پیرۆزبایی کردووە و ئەم یەکگرتنەوەی بە ئەرکێکی گرینگی حیزبی و نیشتمانی و هەنگاوێکی پیرۆز و پتەو و بۆ درێژەدانی خەبات و خۆڕاگریی زانیوە.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بە ناوی گەل و نیشتمان

لەمێژە چاوەڕوانی هەواڵی یەکڕیزی و یەکبوونەوەتان بووم. ئەم هەڵوێستە مێژووییە ڕێزدانان بوو بۆ ڕای گشتی و ئەندامان و لایەنگران و حیزبدۆستان و ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران. ئەرکێکی گرینگی حیزبی و نیشتمانی و هەنگاوێکی پیرۆز و پتەو و بۆ درێژەدانی خەبات و خۆڕاگری و بازدانێک بوو بە بەسەر ناکۆکی و دابڕانی ١٦ ساڵە و سەلماندنی ئەوەیە کە بەهەر سەلیقە و ئیدئۆلۆژی و باوەڕێک بێت، دەکڕێت لە ژێر یەک ناو، یەک ئاڵا، یەک ئاڕم و یەک پڕۆگرام یەک بن و یەکدەنگ.

لێکترازان و جیابوونەوە بۆ دوژمن گرینگه و دەتوانم بڵێم وەک سەرکەوتنێک بۆخۆی دەزانێ و دانانی پلان لەسەر بناغەی ئەم فۆرمۆلە بە ئێستاشەوە، جا چ بە تاک و یان کۆمەڵ وەک تاکتیک و هونەری جەنگ بەکار هێناوە و لەسەری کار دەکات.

یەکبوونەوەتان پوچەڵکردنەوەی زۆربەی ئەو پلانانە و پەدافەندیک بوو بەرامبەر بە ئافەند چەندین ساڵەی دوژمن.

سەری ڕێز و کڕنۆش دادەنوێنم بۆ یەکبوونەوەتان و دەستی گشت ئەو کەسانە ماچ دەکەم کە بە پەرۆشەوە و به کوردستانی و بە نیشتمانپەرەستیەوە هەواڵی ئەم یەکبوونەوەیان دا و ئەم ئەرکەیان گەیاندە ئەنجام.

کەماڵ شەریفی

١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی

زیندانی میناب