هەیئەتێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان سەردانی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی، هەیئەتێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بە سەرپەرەستیی ''باپیر کامەلا'' سکرتێری گشتی، سەردانی ناوەندی بەڕێوەبەرێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزب بە سەرپەرەستی ''مستەفا هیجری'' بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا باپیر کامەلا پیرۆزبایی خۆی و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستانی لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزب، بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی لەو هەنگاوە مەزنەی حیزبی دێموکرات دەربڕی.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە جێگەی خۆشحاڵییە و جێگە و پێگەی حیزبی دێموکراتی لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بە گرینگ وەسف کرد.
دواتر کاک مستەفا هیجری وێڕای بەخێرهێنانی هەیئەتی میوان، سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکراتی پێڕاگەیاندن و باسی لە ڕابردووی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات و سیاسەت و بەرنامەکانیان و پرۆسەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات کرد.
"هیجری" ڕایگەیاند کە ئەو هەنگاوە گرینگە لە لایەک دەبێتە هۆی پتەوبوونی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان و لە لایەکی دیکەوە ئەوە ویست و داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و دۆستانمان بە گشتی بوو.
"مستەفا هیجری" لە وتەکانیدا هیوا خواست کە کورد بە گشتی و هێز و لایەنە سیاسییەکان بتوانن بە یەکگرتنەوە و یەکگرتوویی خزمەتی زیاتری دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بکەن.
دواتر بەشدارانی کۆبوونەوەکە باسیان لە کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە کورد و کوردستان و هەلومەرج و قۆناخی ئێستای دۆزی کورد و دۆخی نالەباری عێراق و ناوچەکە کرد.
لە کۆتاییدا هەردوو لایەن پێداگرییان لەسەر درێژەپێدانی پێوەندییەکانیان کردەوە و هیوایان خواست کە دۆستایەتی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران کوردستان بەردەوام و پڕ بەرهەم بێ.