شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و هەروەها مامۆستایانی زانکۆی ڕاپەڕین، بە مەبەستی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان ١٤٠١ی هەتاوی، شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە سەرپەرەستیی "حاکم ئازاد محەممەدئەمین"، نەقیبی سەندیکا سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی "حەسەن شەرەفی"، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆیان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە شاندی حیزب ڕاگەیاند و دەوری حیزبی دیمۆکراتیان لە بزاڤی نەتەوایەتی نەتەوەی کورد بەرز نرخاند و هەروەها چەپکە گوڵی پیرۆزبایی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیان پێشکەش بە حیزبی دێموکرات کرد.
لە بەرانبەردا "حەسەن شەرەفی" بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات سپاس و پێزانینی حیزبی پێشکەش بە شاندی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کرد و وەک هەمیشە خەبات و تێکۆشانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی بۆ پەرەپێدان بە ئازادیی بەیان و پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسانی دەروەست و نەتەوەیی بە ئەرێنی زانی و هیوای سەرکەوتنی بۆ بە ئاوات خواستن.
لەو دیداردا شاندی حیزب پێشوازییان لە هەر یەک لە دوکتور "شێرکۆ محەممەد ئەمین"، ئەندامی پێشووی پارلمانی کوردستان و دوکتور "بڕوا ڕەسووڵ"، مامۆستایانی زانکۆی ڕاپەڕین کرد کە بە مەبەستی پیرۆزبایی بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان سەردانی حیزبی دێموکراتیان کردبوو.