کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان پەرە به ئیدئۆلۆژیی شیعەگەریی خۆی دەدات

17:38 - 18 خەرمانان 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە بۆنەی "ئەربەعینـ"ـدا ڕێژیم لە هەوڵێکدا بۆ پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی شیعەگەریی خۆی لە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زیارەتکەران دەنێرێتە عێراق.

هەر لەو پەیوەندییەدا و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممەوە نزیک بە ٥٠٠ هەزار شیعە هاتوونەتە شاری پیرانشار و بە نیازن لە سنووری حاجی "عومەرانـ"ـەوە بڕۆن بۆ کەربەلا.

بەپێی زانیارییەکانی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانش بە لیباسی شەخسی لەنێو  شاردا بڵاو بوونەتەوە و کەشێکی ئەمنییەتییان لەنێو شاردا پێک هێناوە.

تەبلیغات و چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە "کوردستانـ"ـدا بۆ بۆنە مەزهەبییەکانی پێڕەوانی شیعە ناڕەزایەتیی زانایانی ئایینیی سوننەمەزهەبی لە کوردستاندا لێ کەوتووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا بۆ نموونە ژمارەیەک لە مامۆستا و زانایانی ئایینیی سوننەمەزهەب لە نامەیەکی سەرئاوەڵەدا بەنیسبەت بەڕێوەچوونی بۆنەی "غەدیری خۆم" لە کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننە مەزهەب لەو نامەیەدا باسیان لەوە کردبوو لەکاتێکدا سوننەمەزهەبەکان لە شارە شیعەکاندا تەنانەت مزگەوتیان نییە؛ بەڵام دەسەڵاتی باڵادەست لە کوردستان پەرە بە ئایینی شیعەگەری دەدات کە دژی یاسایەکە کە خۆیان دایانڕشتووە.