کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی ورمێ لەپێناو دەرهێنانی مادەی گرانبەهای "لیتیۆم" وشک کرا

14:59 - 18 خەرمانان 2722

ئەگەرچی لایەنەکانی پەیوەندیداری ڕێژیمی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا وایان نیشان داوە کە خەمی وشکبوونی "گۆلی ورمێـ"ـیان خواردووە بەڵام ڕاپۆرتەکان لەو بارەوە دەریان خستووە کە ئەو گۆلە لەپێناو دەرهێنانی مادەی گرانبەهای "لیتیۆم" وشک کراوە.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان هەروەها باس لەوە دەکەن کە بوونی مادەی گرانبەهای "لیتیۆم" بووەتە پاساو بۆ ئەوەی هەوڵی جیدی بۆ ڕێگری لە وشکبوونی ئەو گۆلە نەدرێت و گۆلەکە لە پێناو سوودی مادی وشک بکرێ.

وشکبوونی گۆلی ورمێ، دەریاچەی خوێ لە قوم، بەختگان، هاموون و جازمووریان لە ئێران لە دەیەی حەفتاوە دەستی پێکرد و زۆرێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە لایەنی پەیوەندیداری ڕێژیم بە ئەنقەست لەو بارەوە کەمتەرخەمییان نیشان داوە.

"لیتیۆم" کانزایەکە بە ڕەنگی زیو و سپی و حاڵەتی نەرم بە ژمارەی ئەتۆمی "سێـ"ـیە و لە دۆخی هەوای ستاندارددا سووکترین کانزای ڕەقهەڵاتوویە. هەر کیلۆ لەو کانزایە لە ئێستادا لە بازاڕە جیهانییەکان ١٦٠ دۆلاره.