کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی ئاڵمان دەستی بەسەر گەورەترین باری ماددەی سڕکەر کە لە ئێرانەوە هەناردە کرابوو گرت

11:39 - 19 خەرمانان 2722

ڕۆژنامەی "ئاڵمانیـ"ـی" بیڵد" بڵاوی کردووەتەوە کە گەورەترین باری ماددەی سڕکەر لە جۆری" هێروئین" کە ٧٠٠ کیلۆ بووە و لە ئێرانەوە هەناردە کرابوو، لەو وڵاتە گرتووە.

ئیدارەی پۆلیس و دەفتەری سەردۆزگەری گشتیی ئاڵمان، ڕۆژی هەینی ١٨ی خەرمانان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانیان لە بەندەری هامبۆرگ دەستیان بەسەر گەورەترین باری ماددەی سڕکەر لە جۆری ‌‌هێروئین کە ٧٠٠ کیلۆ بووە و لە ئێرانەوە بە شێوەی قاچاخ هەناردەی ئورووپا کراوە گرتووە.

  هەروەها ڕاشیانگەیاندووە کە ئەو بارە قاچاخە تا ئێستا گەورەترین باری قاچاخی ماددەی سڕکەر بووە کە ڕەوانەی ئورووپا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی" بیڵد" و لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بارە قاچاخەدا کە لە ئێرانەوە هەناردە کراوە تا ئێستا ٥ کەس دەسبەسەر کراون کە کەسێکیان خەڵکی ئێرانە و دەورونەخشی سەرەکیی هەبووە لە گواستنەوەی ئەو بارە قاچاخە لە وڵاتی "هولەند"ەوە بۆ ئاڵمان.

لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوەکەی سەردۆەزگەری گشتیی ئاڵمان هاتووە کە، ئەو باندە مافیایەی کە لە گواستنەوەی ئەو بارە گەورەی "هێروئیندا"‌ بەشدار بوونه بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئێرانەوە ئەو ماددە سڕکەرەیان هێناوەتە ئاڵمان و ویستوویانە کە لە ڕێگەی "ئاڵمانـ"ـەوە ئەو ماددە سڕکەرانە لە هەموو ئورووپا بڵاو بکەنەوە.

ئەوه یەکەمین جارە نییە کە ڕێژیمی ئێران بەو شێوەیە ماددەی سڕکەر لە ڕێگەی قاچاخەوە هەناردەی وڵاتانی ئورووپایی دەکا و دەیهەوێت لە رێگەی هەناردەکردنی ماددەی سڕکەر و گرووپە تێرۆریستەکانەوە ئورووپا تووشی ئاڵوزی بکا.