کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنی بلینکێن: ئامریکا بە هەموو نرخێک ئامادە نییە وتووێژەکان درێژە بدا

12:05 - 19 خەرمانان 2722

وەزیری دەروەی ئامریکا وتوویەتی، پەلەمان نییە بۆ گەڕانەوە بە ڕێککەوتنی بەرجام و ڕێککەوتنێک کە ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا دابین نەکا واژۆی ناکەین.

ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەروەی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە کە وڵامی ڕێژیمی ئێران بە ڕەشنووسی ئامادەکراوی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بووژانەوەی بەرجام هەنگاوێک گەڕانەوەیە بۆ پاشەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامریکا بەهەموو نرخێک ئامادە نییە وتووێژەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران درێژە پێبدا.

وەزیری دەروەی ئامریکا لە کاتێکدا باس لە پاشەکشەکانی ڕێژیمی ئێران و گەڕانەوەی ئەو ڕێژیمە بۆ دواوە دەکا کە پێشتر نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتبووی: "هیچ کام لە هێڵە سوورەکانی ئێران لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا نەهاتووە".

ئانتۆنی بلینکێن لە کۆتایی قسەکانیدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە وڵامەکانی ڕێژیمی ئێران گەڕانەوە بۆ دواوەیە وتوویەتی: "ئێمە ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنێک دەرنابڕین کە خواستە سەرەکییەکانمان جێبەجێ نەکا و ئەگەر ڕێککەوتنێک واژۆ بکەین تەنیا هۆکاری ئەوەیە کە دەمانهەوێت ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵاتەکەمان پارێزراو بێ".